ژنە ڕۆژنامەنووسێکی یەزیدی بە تەقەی هێزە عێراقییەکان برینداربوو
پەیامی کورد ... ژنە ڕۆژنامەنووسێکی یەزیدی بە تەقەی هێزە عێراقییەکان برینداربوو
ژنە ڕۆژنامەنووسێکی یەزیدی لەکاتی ڕووماڵکردنی ئاڵۆزییەکانی شارەدێی سنوونێ، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق برینداربوو و لەئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکیدایە.
نەسرین حەسەن پەیامنێری تەلەفزیۆنی چرا تیڤی و ئاژانسی " ژ نهایە " لە شەنگال و ئەمڕۆ سەرقاڵی ڕووماڵی ناڕەزایەتییەکانی گەنجانی شەنگال بووە دژی هێزە عێراقییەکان، بەڵام بەهۆی تەقەی هێزەکانی عێراقەوە برینداربووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان ئەو ڕۆژنامەنووسە فیشەکێک بەر قاچی کەوتووە و بەوهۆیەوە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و لەئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکییدایە.
هەر لە ئاڵۆزییەکانی ئێوارەی دوێنێی سنوونێدا گەنجێکیش بەناوی عەدنان حەمەد بە تەقەی هێزە عێراقییەکان برینداربووە و تائێستاش هیچ زانیارییەک دەربارەی دۆخی تەندرووستییەوە لە بەر دەست نییە.
ئەمە لەکاتێکدایە، بەپێی زانیارییەکان دوای ئەوەی ئەمڕۆ خۆبەڕێوەبەریی شەنگال بڕیاریداوە کارەکانی سەرجەم دام و دەزگاکانی حکوومەتی عێراق لە شەنگال ڕابگیرێن، بەهۆی جێبەجێ نەکردنی ئەرکەکانیان بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، ئێوارەی ئەمڕۆ حکوومەتی عێراق هێزێکی ناردووەتە سنووری شەنگال.
گەنجانی شەنگال لە سنوونێ ناڕەزایەتییان دژی هاتنی ئەو هێزە دەربڕیوە و هێزە عێراقییەکەش بە گوللـە ووڵامی گەنجە ناڕازییەکانیان داوەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆی دروستبوونی پشێوی.
ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە