ژووری بازرگانی ئەمریکا ڕاگەیندراوێکی گرینگ سەبارەت بە پاڵپشتی کردنی بایدن لە هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕادەگەینێت

پەیامی کورد     ...    ژووری بازرگانی ئەمریکا ڕاگەیندراوێکی گرینگ سەبارەت بە پاڵپشتی کردنی بایدن لە هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕادەگەینێت

ژووری بازرگانی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، بڕیارە هەردوو لایەنی عێراقی و ئەمریکی لە مانگی نیسانی دابێ لەسەر چەندین پرسی هەستیاری عێراق دیالۆگی ستراتیژی دەست پێ بکەنەوە؛ لەوانەش مەلەفی ئابووری و سیاسی و ئەمنی و سەروەریی خاک. ئەندامێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش دەڵێت، ئەمریکا پەیوەندییەکی ''تایبەتمەند'' لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا درووست دەکات.

لە ڕاگەێندراوەکەی ژووری بازرگانی ئەمریکادا هاتووە، ئیدارەی بایدن پاڵپشتی ''حکوومەتی عێراق'' و ''حکوومەتی هەرێمی کوردستان'' دەکات تا بۆ خزمەتگوزارییەکانی ووڵاتەکەیان گەشە بە پێشەسازی گاز بدەن. لەبارەی ئەو دیالۆگە ستراتیژییەوە، دانا جەزا، ڕایگەیاند : : ''ئەم دیالۆگە ستراتییژییە دیالۆگێكی گرینگە، چوونکە هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێیە لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکادا، سەرەتا ئەمەریکا لەو دیالۆگەدا وەک ووڵاتێکی داگیرکەر دەبینرا، ئێستا قۆناغەکە گۆڕدراوە و بووەتە قۆناغی ئەمریکا وەک وڵاتێک کە هاوکاریی عێراق دەکات، ئێستا دیالۆگێکی ستراتیژی هەیە لە چەندین بواری سیاسی و ئەمنی و ڕۆشنبیری و تەندرووستیدا، ئەمە گرنگییەکی گەورە و دەرفەتێکی گەورەیە لە بەردەم عێراقدا و دەبێ سوودی بۆ خۆی لێ ببینێت و تەجروبەی بۆ خۆی لێ وەربگرێت، دوو خولی دیالۆگ لە ساڵی ڕابردوو بەڕێوە چوون، یەکێک لە بابەتە گرنگەکان بابەتی ئابووری بوو، کوردستانیش لە چوارچێوەی عێراقدا بابەتێکی زۆر کاریگەرە، هەرێمی کوردستان هەم جوگرافیاکەی گرنگە بۆ عێراق و بۆ ناوچەکە و هەم شوێنی سەقامگێریی سیاسی و ئابووری و ئەمنییە بۆ ئەمریکا و ناوچەکانی تر.''

ئەم ئەندام پەرلەمانە ووتیشی: "ئەم هەماهەنگیکردنە لە بواری ئابووری و لە بواری گەشەپێدانی کێڵگەکانی غاز و دەرهێنانی غاز و هەناردەکردنیەتی و بەکارهێنانی غاز وەک وزەیەک هاوتەریب لەگەڵ نەوتدا، ئەمە یەکێکە لە سیکتەرەکان کە عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە."

شارەزایان پییان وایە ئەم جەولەی دیالۆگی ستراتیژی وەک دیالۆگەکانی تر نابێت و قسەێ ڕاوشکانەتر بە یەکتری دەڵێن، ئەمەریکا قسەی جددی بۆ لایەنە توندڕەوەکانی عێراق دەبێت، چونکە لە عێراقدا لایەنە دژە ئەمەریکاییەکان یاسایەکیان لە پەرلەمان تێپەڕاند بۆ دەرکردنی هەموو لایەنە بیانییەکان و لە نێوشیاندا هێزی ئەمەریکا، کەچی کورد دەنگی بەو یاسایە نەدا.

''ئەمریکا لەسەر پرسی ئەو میلیشیایانەی لە دەرەوەی یاسان لەگەڵ حکوومەتی عێراق قسە دەکات، چوونکە ئەو میلیشیایانە پێشتر بە مووشەک هێرشیان کردە سەر هەولێر و بارەگای پارتیشیان لە بەغدا سووتاند، ئەمەریکا دەربارەی هەردووکیان قسەی جددیی بە عێراق گوت.''

''ئەم دیالۆگە ستراتیژییە، گرینگی جۆری پەیوەندییی نێوان عێراق و ئەمەریکا دیاری دەکات، ئەگەر وا بکەن دەتوانن جۆری پەیوەندییەکە لە داگیرکەرەوە بۆ دۆستایەتی لە چەندین بواردا بگۆڕن و دەتوان پێکەوە کار بکەن." جەزا وی گوت.

بەپێی قسەکانی ئەم ئەندامەی پەرلەمان، ئەمریکا تیگەیشتنێکی واقعبینانە لە ناوچەکە پێک دێنێت و بە شێوەیەکی دەستووری و پراگماتیکی لەگەڵ عێراق دیالۆگ دەکات، ئەوان دەزانن کوردستان فاکتەرێکی کاریگەرە و تایبەتمەندییەکەی کوردستان دەپارێزن و دەبێ دیار بێت کە حکومەتی هەریم سەر بە حکومەتی عێراقی نییە، بەڵکو سەر بە دەوڵەتی عێراقە.


ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە