ژیانی نهێنی و شاراوەی دادوەرانی ژنی ئەفغان لە ترسی تۆلەکردنەوەی بەندکراوان لە بەندیخانەکان
پەیامی کورد ... ژیانی نهێنی و شاراوەی دادوەرانی ژنی ئەفغان لە ترسی تۆلەکردنەوەی بەندکراوان لە بەندیخانەکان
پاش بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی ئەفغانستان لەلایەن گرووپی تاڵیبانەوە و ئازادکردنی هەموو بەندکراوانی ئەو ووڵاتە لە بەندیخانەکان، دادوەرە ژنەکانی ئەفغانستان لە ترسی تۆڵەکردنەوی بەندکراوان خۆیانیان حەشار داوە و بە شێوەیەکی نهێنی ژیان دەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتێک لە ئاژانسی هەواڵی “سی ئێن ئێن” کە ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، بڵاوبووەتەوە، هێندێک لە دادوەرە ژنەکانی حکومەتی پێشووی ئەفغانستان لە ترسی کوشتن و تۆڵەکردنەوەی ئەو بەندکراوانەی کە لەلایەن گرووپی تاڵیبانەوە ئازاد کراون، خۆیان لە ماڵەکانیان بەندکردووە و بە شێوەیەکی نهێنی ژیان دەکەن.
هەر لەم پێوەندییەدا دادوەرێکی ژنی ئەفغانی بە ئاژانسی هەواڵی ” سی ئێن ئێن”ی ڕاگەیاندووە کە ئەو تاوانبار و بەندکراوانەی کە لەلایەن تاڵیبانەوە لە بەندیخانەکان ئازادکراون ،ئێستا بەردەوام لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە هەڕەشەی کوشتنمان لێدەکەن و دەیانهەوێت بەمجۆرە تۆڵەمان لێبکەنەوە و هیچ یەکێک لە بەرپرسانی تاڵیبانیش لەم بارەوە خۆیان بە بەرپرسیار نازانن.
شایانی باسە کە پاش بە دەستەوەگرتنی دەسەڵاتی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە زۆربەی دادوەرە ژنەکان لە ترسی کوژران و تۆڵەکردنەوە، ئەفغانستانیان بەجێهێشتووە، بەڵام لە ئێستادا بە دەیان دادوەری ژنی دیکە لە کابول بە شێوەی نهێنی ژیان دەکەن.
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە