کاتی خەرجکردنی بوودجە ڕاگەێندرا

پەیامی کورد       ...    کاتی خەرجکردنی بوودجە ڕاگەێندرا

بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراق رایدەگەیەنێت، حكوومەتی عێراق ناتوانێ باج بخاتە سەر مووچە، بۆیە ھەفتەی داھاتوو دەست بە خەرجكردنی بوودجە دەكرێت و پشكی ھەرێمی كوردستانیش رەوانە دەكرێت، چوونكە ئەم ھەفتەیە وەزارەتی دارایی لە پێداچوونەوە و دەركردنی رێنمایی بۆ بوودجە، تەواو دەبێت.

دكتۆر فازڵ نەبی، ڕایگەیاند :  وەزیری دارایی عێراق نووسراوێكی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران ناردووە، كە باج لەسەر مووچەی فەرمانبەران دابنرێت، تەنھا ئەوانە نەبێت كە مووچەیان كەمە، بەڵام ئەمە پێچەوانەی یاسایە و ھیچ سەنەدێكی یاسایی نییە، بۆیە بڕیارەكە سەرناگرێت، چوونكە پەرلەمانیش ووڵامیان داوەتەوە و ئەو داواكارییەیان ڕەت كردووەتەوە، بۆیە ئەگەر حكوومەت جێبەجێی بكات، كێشە دروست دەبێت و پەرلەمان بەڵگەی یاسایی لە بەردەستە، چوونكە لە یاسای بوودجەدا باسی باجدانان لەسەر مووچە نەكراوە.

بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراق گوتیشی: "ئێستا بوودجە لە وەزارەتی داراییە و لەبەر ئەوەی پەرلەمان دەستكاری زۆری دەق و ماددەكانی نێو بوودجەی كردووە، پێداچوونەوەیەكی باشی دەوێت. من پەیوەندیم بە وەزارەتی داراییەوە كرد و ئەوان باسیان لەوە كرد، كە ئەم ھەفتەیە وەزارەتی دارایی لە پێداچوونەوە بە یاسای بوودجە و دەركردنی رێنمایی تەواو دەبێت و ھەفتەی داھاتوو دەست بە خەرجكردنی دەكرێت".

نەبی باسی لەوەش كرد: "لەگەڵ خەرجكردنی بوودجە، لە ھەفتەی داھاتوودا پشكی ھەرێمی كوردستانیش خەرج دەكرێت، چوونكە پشكی ھەرێمی كوردستان ناردنی ئاسانە و تەنھا ٢٥٠ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێم و نیوەی داھات، كە پارەكەی بۆ ئەم مانگە چەندە، حیساب دەكرێت و پشكی ھەرێم دیاری دەكرێت و پارەكە رەوانە دەكرێت، بۆیە كاتی زۆری وەكوو پێشوو ناوێت و لە ماوەیەكی كەمدا خەرج دەكرێت، چوونكە مانگانە بەپێی نرخی نەوت و داھاتی ھەرێمی كوردستان چەندە، ئەوەندە رەوانە دەكەن".

دەشڵێ، گرنگە لیژنەیەكی ھاوبەش لە نێوان ھەرێم و بەغدا ھەبێت بۆ ناردنی پشكی ھەرێم لە بودجەدا، چوونكە مانگانە گۆڕانكاری بەسەردا دێت و ئەگەر ئەو لیژنە ھەبێت، رێگە نادات ناردنی پشكی ھەرێمی كوردستان دوابكەوێت.


ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە