کاتی گەیشتنی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە لە لایەن ئەمریکاوە ئاشکرا دەکرێت

پەیامی کورد     ...   کاتی گەیشتنی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە لە لایەن ئەمریکاوە ئاشکرا دەکرێت

بە پێی هەواڵێک بڕیاره‌ به‌م نزیكانه‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی مووچه‌ی لیوا هاوبه‌شه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ره‌وانه‌ بكات و دوای گه‌یشتنی ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی سێ مووچه‌ی ئه‌و لیوایانه‌ ده‌كرێت.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ رایگه‌یاند، بڕیاره‌ سه‌ره‌تای مانگی نیسان هاوپه‌یمانان پاره‌ی مووچه‌ی لیوا هاوبه‌شه‌كان ره‌وانه‌ بكه‌ن.
ووتیشی، له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی پاره‌كه‌ ده‌ست به‌ دابه‌ش كردنی ده‌كرێت.

دەیڤد ولیام، لە سەنتەری هەماهەنگی هێزەکانی هاوپەیمانان رایدەگەێنێت : رۆژی ٠١-٠٤-٢٠٢١ مووچەی لیوا هاوبەشەکان دەگاتە وەزارەتی پێشمەرگە.

رۆژی ٢٣ی ئەم مانگە لیوا قارەمان کەمال، جێگری سوپاسالاری هێزی پێشمەرگە رایگەیاندبوو "وەزارەتی پێشمەرگە لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ دابینکردنی مووچە بۆ لیوا هاوبەشەکان، بۆ ئەو مەبەستەش داوای لە وەزارەتی دارایی کردووە مووچەیەکیان بەبێ لێبڕین بەشێوەی قەرز پێبدات، تاوەکوو ئەمریکا مووچەکانیان دەنێرێت." لیوا قارەمان ووتی: "مووچەی لیوا هاوبەشەکان لەلایەن ئەمریکاوە دەدرێت، بەڵام بەهۆی گرفتێکی تەکنیکییەوە زیاتر لە مانگە مووچەیان بۆ خەرج نەکراوە".

بڕیاربوو لە مانگی شووباتی رابردوودا، لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە سێ مووچە بە یەکەوە وەربگرن. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاندووو "ئەمریکییەکان ئەو سێ مووچەیە هەر دەدەن و پەشیمان نەبوونەتەوە، بەڵام بەهۆی کێشەیەکەوە لە هەژماری بانکی و گواستنەوەی پارەکە لە ئەمریکاوە بۆ هەرێمی کوردستان کاتی دابەشکردنەکەی دواخراوە."

رۆژی ٢١-٠٢-٢٠٢١ وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ ئەم مانگە لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە سێ مووچە بە یەکەوە وەردەگرن. بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەو سێ مووچەیان وەرنەگرتووە. 


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە