کارەکانی پڕۆژەی گەورەترین نەخۆشخانەی چارەسەری شێرپەنجە بەردەوامە
پەیامی کورد ... کارەکانی پڕۆژەی گەورەترین نەخۆشخانەی چارەسەری شێرپەنجە بەردەوامە
کارکردن لە پڕۆژەی گەورەترین نەخۆشخانەی چارەسەری شێرپەنجە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوامە کە ساڵی ڕابردوو بەردی بناغەکەی لەلایەن سەرۆکی حکوومەت لە ھەولێری پایتەخت دانرا، ئێستا لە ٢٥%ی کارەکانی تەواو بووە.
نەخۆشخانەکە لە ١٥٠ تەختی خەواندن و ١٠٠ تەختی چارەسەری کیمیایی پێک دێت و تاقیگەیەکی پێشکەوتوو لەخۆ دەگرێت، سەرجەم ئامێرە پێشکەوتووەکانی چارەسەری نەخۆشییەکە لەخۆ دەگرێت و لەسەر ڕووبەری ٣٠ ھەزار مەتر چوارگۆشە دروست دەکرێت و لە پێنج نھۆم پێک دێت، بەوەش دەبێتە گەورەترین نەخۆشخانەی چارەسەری شێرپەنجە لە ھەموو ھەرێمی کوردستان و عێراق.
بە تەوابوونی ئەو پڕۆژەیە پێشکەوتووتری تەکنۆلۆجیای ئێم ئاڕ ئای، سیتیسکان، پێتسکان، چارەسەری تیشک، چاندنی مۆخی ئێسک، وێنەگرتنی گاما و چەندین تەکنۆلۆجیای دیکە لەم نەخۆشخانەیە بەردەست دەبن.
جێگەی باسە، لە ١٨ـی ئەیلوولی ٢٠٢٤، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی درووستکردنی ئەم نەخۆشخانەیەی دانا و، لە ڕێوڕەسمەکەشدا ڕایگەیاند: "لە کابینەی نۆیەمدا خزمەتی کەرتی تەندرووستیمان کردووە و زیاتریش پێویستی بە خزمەتە، دەبێ ھاووڵاتییان لە نەخۆشخانە گشتییەکان ھەست بە ئاسوودەیی و ھەبوونی خزمەت بکەن".
ئەم بابەتە 24 جار خوێندراوەتەوە