کارەکانی کۆنگرەی چوارەمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەمڕۆ هەینی ئاشکرا دەکرێت

پەیامی کورد     ...   کارەکانی کۆنگرەی چوارەمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەمڕۆ هەینی ئاشکرا دەکرێت 

کارەکانی دووەمین رۆژی کۆنگرەی چوارەمی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە سلێمانی بەردەوامن و چاوەڕوان دەکرێت، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ناوی ئەو ٣٤ ئەندامەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کۆمەڵ رابگەیێندرێت، کە ٢٠یان لەو کۆنگرەیە هەڵبژێدراون. بڕیاریشە گفتوگۆ لەسەر لێکردنەوەی پاشگری ئیسلامی لەناوی کۆمەڵ بکرێت.
کۆنگرەی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان دوێنێ پێنجشەممە دەستیپێکرد، دوای ووتاری کۆنگرە و ئەمیری کۆمەڵ، دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی کەسی یەکەمی حیزبەکە کرا، عەلی باپیر، بۆ چوارەم جار بە ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان هەڵبژێردرایەوە.

بڕیاربوو لە یەکەم رۆژی کۆنگرەدا قسە لەبارەی پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەکە و گفتوگۆ لەسەر گۆڕانکارییەکان بکرێت، بەڵام خرانە رۆژی دووەمی کۆنگرەوە. چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ گفتوگۆ سەبارەت بە لێکردنەوەی پاشگری ئیسلامی لەناوی کۆمەڵ بکرێت.
هەر لە رۆژی یەکەمدا لە کاتژمێر ٧ی ئێوارەوە تاوەکوو ١٠ی شەو دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کۆمەڵ کرا، بەڵام هێشتا دەنگەکان بە تەواوەتی جیا نەکراونەتەوە.

لەو کۆنگرەیەدا ٢٠ ئەندامی سەرکردایەتی (١٦ پیاو و ٤ ئافرەت) هەڵدەبژێردرێن، ١٢ ئەندامیش کە بەرپرسی مەڵبەندەکانی کۆمەڵن، لە کۆنفرانسە نێوخۆییەکان هەڵبژێردراون، هەروەها ، یەکێک لە دوو پەرلەمانتارەکەی بەغدا و یەکێکیش لە ٧ پەرلەمانتارەکەی کوردستان دەبنە ئەندامی ئەنجومەنەکە، بەمەش ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتی کۆمەڵ دەبێتە ٣٤ ئەندام. 
لەو ٣٤ ئەندامەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، ٩ ئەندامیان دەبنە ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵ، کە پێشتر ناوی ئەنجوومەنی سیاسی کۆمەڵ بوو، بەڵام بڕیارە لە کۆنگرە ناوەکەی بگۆڕدرێت بۆ ئەنجوومەنی باڵا، بە کەسی یەکەمی حیزبەکەش ئەنجوومەنی باڵا دەبنە ١٠ کەس.
کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، جووڵانەوەیەکی ئیسلامییە لە باشووری کوردستان، لە بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان جیابوەتەوە و لە ٣١-٦-٢٠٠١ دامەزراوە.

هەروەها عەلی باپیر لە دەستپێکی کۆنگرەدا لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان یشەوە دوا و ووتی: "ئێمە ئێستا وەک کۆمەڵی ئیسلامی بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بوونمان داوە، بەڵام بە شێوازی خۆمان، نەک لاسایی کەس بکەینەوە. وەک رەخنەگرتن لە حکوومەت و گەشەپێدانی بۆ ئەوەی لە ئاست چاوەڕوانییەکانی خەڵکدابێت نەوەک بۆ لەناوبردن و داڕووخاندنی کەس ئۆپۆزسیۆن بوونمان هەڵبژاردبێت. ئۆپۆزسیۆن بوونمان کاریگەری درووستکردووە".


ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە