کارەکانی یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە بەپێی خشتەی دیارکراو بەرێوەدەچێت

پەیامی کورد   ...  کارەکانی یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە بەپێی خشتەی دیارکراو بەرێوەدەچێت

ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند : کارەکانی یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە بەپێی خشتەی دیارکراو بەڕێوەدەچێت و ئێستا لە قۆناغی لیوا بەرەو درووستکردنی فیرقە کار دەکەن و بەڵێنیش دراوە لەلایەن هاوپەیمانانەوە سیستەمی بەرگری بۆ ھێزی پێشمەرگە دابین بکرێت. 

 بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند : لە وەزارەتی پێشمەرگە خشتەیەک بۆ کارەکان دانراوە بە ھاوکاری ھاوپەیمانان و بەپێی خشتەی دانراو کارەکان بۆ ھەر مانگێک و بە ڕێکوپێکی بەڕێوەدەچن، لە خشتەکان ئاماژە بە درووستکردنی لیوا و فیرقەکان دراوە، بۆیە کارەکان زۆر باش بەڕێوەدەچن و ھەنگاوی زۆر باش نراوە، چوونکە ئێستا ژمارەیەکی زۆری لیوا ھەن و  وا دوو لیوای تازە دروست دەکرێن و کار لەسەر درووستکردنی چوار فیرقە دەکرێت و پێشنیار کراوە بۆ قاید فیرقە و جێگرەکان و ئامر لیواکان بۆ ھەر پۆستێک دوو تا سێ ناو پێشنیارکراوە، بۆیە پێویستی بە کۆمەڵێک ڕێکار ھەیە، فیرقەکان ئێستا بەردەوام کاری لەسەر دەکرێت و کارەکان زۆر بەباشی بەڕێوەدەچن بۆیە بڕیارە تا ساڵی ٢٠٢٦ ھەموو ھێزەکان یەکبخرێن. 

 بابەکر زێباری ووتیشی، دانانی سیستەمی بەرگری لە لایەن ھاوپەیمانان بۆ ھێزی پێشمەرگە زۆر گرینگە نەک تەنیا لە ئاسمان، بگرە لە ھەموو ڕوویەکەوە پێویستمان بەبەرگری ھەیە، چوونکە ئێمە پێویستمان بە ھێرشکردن نییە و پێویستمان بەبەرگریکردن لە خۆمان ھەیە، بۆیە ھەر پێداویستییەکی بەرگریکردن ھەبێت پێویستمان پێی ھەیە، بۆ ئەو مەبەستەش ھاوپەیمانانمان لەوە ئاگادارکردۆتەوە تەنیا پێویستمان بە بەرگریکردن ھەیە، بۆیە کاری لەسەر دەکرێت و ئەوانیش بەڵێنیان داوە دابینی بکەن، بەڵام پێویستیان بە ڕەزامەندی سەرووی خۆیان ھەیە بۆ جێبەجێکردنی. 


ئەم بابەتە 12003 جار خوێندراوەتەوە