کشانەوەی هێزەکانی ناتۆ لە ئەفغانستان بوو بە هۆی درووست بوونی گرژی و ئاڵۆزی زیاتر لەو ووڵاتە
پەیامی کورد ... کشانەوەی هێزەکانی ناتۆ لە ئەفغانستان بوو بە هۆی درووست بوونی گرژی و ئاڵۆزی زیاتر لەو ووڵاتە
هێزەکانی ناتۆ و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەستپێکردنی کشانەوەیان لە ئەفغانستان ڕاگەیاند، بەرپرسانی ئەفغانستانیش لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا باسیان لە کوژرانی زیاتر لە ١٠٠ کەسی هێزی ئاسایشی ووڵاتەکە کردوە، ئەوەش بەهۆی رووداوەکانی تەقینەوە و هێرشەکانی چەکدارانی تاڵیبانەوە.
بەپێی DWی ئاڵمانی، هێزەکانی ناتۆ و ئەمریکا، پاش بڕیاری جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە درێژترین جەنگی ووڵاتەکە دەستیان بە پاشەکشکردن لە ئەفغانستان کردوە، کاربەدەستێکی ناتۆش ڕایگەیاندوە، ئەندامانی ناتۆ لەم مانگەدا بڕیاریاندا ئەو سەربازانەی بەشداری دەکەن لە ئەرکی "پشتیوانی یەدەکی" کە ژمارەیان ٩٦٠٠ سەربازە لە ووڵاتەکە بکشێنەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، هێزەکانی ناتۆ لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا بڕیاریانداوە دەست بکەن بە کشانەوەی هێزەکانی "پشتیوانی" بکەن تاوەکو یەکی (ئایار/٥)ی ئەمساڵ کشانەوەکە بەردەوام دەبێت، پڕۆسەکە بەشێوەیەکی رێکخراو و بە هەماهەنگی بەڕێوەدەچێت بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی سەربازان و بۆ ئەو مەبەستەش هەمو ڕێوشوێنێکی پێویست بۆ مسۆگەرکردنی سەلامەتیی هێزەکەیان گیراوەتەبەر.
ئەو بەرپرسەی ناتۆ باسی لەوەشکردوە، هەر هێرشێکی چەکدارانی تاڵیبان بۆ سەر هێزەکانیان ووڵامێکی توندی ناتۆی بەدوادادێت، پێشبینیش دەکات پاشەکشەیان لە چەند مانگی داهاتوودا کۆتایی بێت.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پێیوایە کە هێزی "پشتیوانی" لە ئەفغانستان ئەرکەکانی خۆی تەواوکردوە، هاوکات کشانەوەی تەواوی سەربازانی ئەمریکاشی تاوەکوو ١١ی مانگی سێپتەرمبەری ئەمساڵ راگەیاندووە، کە لە دوای هێرشەکانی ١١ی سێپتەرمبەری ٢٠٠١ ی سەر ئەمریکا لەو ووڵاتەن، هاوکات ئەڵمانیا نیازی خۆی بۆ کۆتایی هێنان بە کشانەوەی سەربازەکانی تا ٤ ی تەمموز ڕاگەیاندوە.
کاربەدەستانی ئەفغانستانیش پاش ئەوەی واشنتن ڕایگەیاند تا ١١ی سێپتەمبەر هەمو سەربازانی ئەمریکا لەو ووڵاتە دەکشێنێتەوە، باسیان لەوەکرد، زیاتر لە ١٠٠ هێزی ئاسایشی ئەفغانستان لە ماوەی دو هەفتەی ڕابردوودا کوژراون لە نێوان ئەو هێرشانەی تاڵیباندا درووست بوە.
گەورەبەرپرسانی ئەفغانستان دەڵێن، تاڵیبان بەدوای بەهێزکردنی پێگەی خۆیەوەیەتی لە ووڵاتەکەدا لەکاتێکدا هێزەکانی ناتۆ پاشەکشە دەکەن، ئەوەش لەکاتێکدایە ئەو بزووتنەوەیە نزیکەی دو دەیەیە یاخی بوە، دوای ئەوەی ساڵی ٢٠٠١ لەلایەن هێزەکانی ناتۆ بە رابەرایەتی ئەمریکا لە دەسەڵات دوورخرایەوە.
ئەم بابەتە 11996 جار خوێندراوەتەوە