کوردێکی ڕۆژهەڵاتی بۆ وەرگرتنی باشترین خەڵاتی فێستیڤاڵی ئەمریکا بەربژێر دەکرێت

پەیامی کورد     ...    کوردێکی ڕۆژهەڵاتی بۆ وەرگرتنی باشترین خەڵاتی فێستیڤاڵی ئەمریکا بەربژێردەکرێت

"بەختیار پەنجەیی" خەڵکی شاری "مەهاباد" و ئەکتەری کورتەفیلمی "تەلفیق" بۆ خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاوی سێزدەهەمین فێستیڤاڵی جیهانی فیلمە سەربەخۆکان و موزیکی "ڤێرجینیای" ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بەربژێر کراوە.

کورتە فیلمی "تەلفیق" کە بەرهەمێکی کۆمەڵایەتییە، بە دەرهێنەری "موحەممەد توریوریان" لە شاری "سنە" بەرهەم هاتووە.

"تۆریوەریان" دەرهێنەری ئەو فیلمەش لە بەشی دەرهێنەرانی ئەو فێستیڤاڵەدا کە لە ١٠ تا ٢١ی ڕەشەمە بە درووشمی "پشتیوانی لە دەرهێنەرانی نوێ" بەڕێوە دەچێت، بەربژێر کراوە بۆ وەرگرتنی خەڵات.

"بەختیار پەنجەیی" دەرهێنەر، ئەکتەر و شانۆنامەنووس ساڵی ١٣٦٥ لە شاری "مەهاباد" لەدایک بووە. "پەنجەیی" بڕوانامەی ماستەری باڵای ئەدەبیاتی شانۆیی لە زانینگەی هونەرە جوانەکانی زانکۆی "تاران" وەرگرتووە.

ناوبراو پێشتریش خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاوی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "هۆنکۆنگـ"ـی وڵاتی "چینـ"ـی بۆ هەمان فیلم وەرگرت کە ئەو خەڵاتە وەکوو پێشهاتێکی هونەری بڕواپێکراو بۆ دەرهێنەرانی ئاسیایی لە ڕاستای ناساندنی بەرهەمەکانیان دەناسرێت.

"پەنجەیی" هەتاکوو ئێستا لە لە ٣٥ کورتە فیلم و ٢ زنجیرەی تەلەڤێزیۆنیدا کاری ئەکتەری کردووە و لە بواری سینەما و شانۆدا زیاتر لە ٤٠ ووتار و نووسراوەی هەیە.


ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە