کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەلایەن حکوومەتی خۆجەیی پارێزگای بەسرە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان ەوە ئەنجام دەدرێت

پەیامی کورد   ...  کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەلایەن حکوومەتی خۆجەیی پارێزگای بەسرە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان ەوە ئەنجام دەدرێت

حکوومەتی خۆجەیی بەسرە دووشەممە دوای تۆمارکردنی مردنی نوێ بەهۆی تای خوێن بەربوون بڕیاریدا ڕێوشوێنی نوێ و ڕێکاری خۆپارێزی بەپەلە بەرامبەر بە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون بگرێتەبەر.
سەرچاوەیەکی ناوخۆیی لە پارێزگای بەسرە رایگەیاندوە، پارێزگاکە حاڵەتێکی نوێی مردنی بەهۆی تای خوێنبەربوون لە نەخۆشخانەی فێرکاری بەسرە تۆمارکردوە، بەوەش کۆی گشتی گیان لەدەستدان بەهۆی ئەو نەخۆشیەوە گەیشتوەتە شەش کەس.

لەو چوارچێوەیەدا، موحەمەد تەمیمی جێگری یەکەمی پارێزگاری بەسرە ڕایگەیاندوە، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەلایەن حکوومەتی خۆجەیی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجام دراوە بۆ داڕشتنی پلانێک بەمەبەستی ئامادەکاری و چارەسەر و سنووردارکردنی تووشبووانی تای خوێنبەربوون، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی لەرۆژانی جەژندا چاوەڕوانی سەربڕینی ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵ دەکرێت.

جێگری یەکەمی پارێزگاری بەسرە ئاشکراشی کردووە، تا ئێستا ٤٠ حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون و شەش حاڵەتی گیان لە دەستدانش بەهۆی ئەو نەخۆشیەوە پشتڕاست کراونەتەوە، لەهەمان کاتدا ئیدارەی ڤێتەرنەری ئاڕاستە کراوە بۆ فراوانکردنی هەڵمەتی ڕشاندنی تەعقیم و پاککردنەوەی شوێنەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵ و دووکانی گۆشت فرۆشەکان، هەروەها دەست نیشانکردنی چەند شوێنێک بۆ سەربڕینی ئاژەڵ لە ژێر چاودێری شارەوانی و دەسەڵاتدارانی تەندرووستی و ڤێتەرنەری لە ڕۆژانی داهاتوودا.
هاوکات، ریاز حلفی بەڕێوبەری تەندرووستی گشتی لە وەزارەتی تەندرووستی عێراق رایگەیاندوە، رێژەی مردن بەهۆی تای خوێنبەربون نیوەی تێکڕای ووڵاتانی جیهانە و بەراورد بەساڵانی رابردوو ڕووی لەکەم بوونەوە کردوە. 


ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە