کۆتایی ئەمساڵ سەرژمێری گشتی لە عێراق و کوردستان بەڕێوەدەچێت

پەیامی کورد   ...  کۆتایی ئەمساڵ سەرژمێری گشتی لە عێراق و کوردستان بەڕێوەدەچێت

بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ پرۆسەی سەرژمێری گشتی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، ئەندامێکی لیژنەی باڵای سەرژمێری عێراقیش دەڵێ : پرۆسەی سەرژمێری گشتی بە سیستەمی ئەلیکترۆنی دەکرێت و مانگی پێنجی ئەمساڵ وەک ئەزموون لە چەند ناوچەیەک بەڕێوەدەچێت.

مەحموود عوسمان، ئەندامی لیژنەی باڵای سەرژمێری لە عێراق ڕایگەیاند : سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت بڕیارە لە مانگی ١١ی ئەمساڵ پرۆسەکە بەڕێوە بچێت، بەڵام بە شێوەیەکی ئەزموونی لە مانگی ٥ی ئەمساڵ لە ژمارەیەک ناوچەی عێراق و ھەرێمی کوردستان سەرژمێری بەڕێوە دەچێت تا بزانین ھەتا چەند پرۆسەکە سەرکەوتوو دەبێت و ئەو کێشانەی درووستیش دەبن چۆن چارەسەر بکرێن.
ئێستا دەست بە ئامادەکارییەکان کراوە و بوودجەیەکی باشیش تەرخان کراوە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی باڵای سەرژمێری ڕاشیگەیاند :

لەگەڵ کۆمپانیایەکی ووڵاتی چین گرێبەست کراوە تا سەرژمێری ئەمجارە بەشێوەی ئەلیلکترۆنی بەڕێوە بچێت، ئەو کۆمپانیایە زۆر سەرکەوتووە لەبواری سەرژمێری، ئەمە بۆ جاری یەکەمە سەرژمێری گشتی لە عێراق بە سیستەمی ئەلیکترۆنی بەڕێوە دەچێت.

مەحموود عوسمان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندی دراوە ئێمە لە ھەنگاوەکان لەگەڵ عێراق بڕۆین بۆ سەرژمێری گشتی و پشکی ھەرێمی کوردستان لەناو بوودجەی سەرژمێری گشتی عێراق دیارکراوە، بوودجەی ئەمساڵ بە بەردەوامی دەگاتە ھەرێمی کوردستان، بڕیارە پشکی ساڵی ڕابردووش ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان بکرێت، ئێمەیش ھەنگاوەکانمان دەستپێکردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ عێراق ئامادەکارییەکان بکەین.


ئەم بابەتە 12011 جار خوێندراوەتەوە