کۆشکی سپی : تاران بە گشتی بەرنامە ئەتۆمییەکانی ڕابگرێت
پەیامی کورد ... کۆشکی سپی : تاران بە گشتی بەرنامە ئەتۆمییەکانی ڕابگرێت
نوێنەری تایبەتی سەرۆککۆماری ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نیوەڕاست ڕایگەیاندووە کە ئێران دەبێت بەرنامەکانی پیتاندنی ئورانیۆم لە سەرووی ٣.٦٧ لە سەدەوە ڕابگرێت.
نووسینگەی ستیڤ ویتکاف ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خاکەلێوە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران دەبێتە هۆی ئاسایش و سەقامگیربوونی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بۆ ئەم مەبەستە دەبێت کۆماری ئیسلامی بەرنامەکانی خۆی بۆ پیتاندن ڕابگرێت.
ڤیتکاف پێش دەرکردنی ئەم بەیاننامەیە لە وتووێژێک لەگەڵ فاکس نیووز ڕایگەیاندبوو کە ئێران هیچ پێویستی بە پیتاندنی سەرووی ٣.٦٧ لە سەد بۆ بەرنامە ئاشتیخوازانەکەی نییە بەڵام ئەوان لە ئێستادا سەروو ٦٠ لە سەد پیتاندنیان ئەنجام داوە و ئەمەش هیچ پاساوێکی نییە.
هەر لەم پەیوەندییەدا کارۆلین لیویت، ووتەبێژی کۆشکی سپی، لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕایگەیاندووە کە دۆناڵد ترامپ بۆ جارێکی دیکە جەختی کردووەتەوە کە ئێران هیچکات نابێت دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات و هەروەها دەبێت بەرنامە ئەتۆمییەکانی کۆتایی پێ بێنێت.
ئەم بابەتە 31 جار خوێندراوەتەوە