کۆشکی کرێملین : گوێبیستی تۆمەتی ناعەقڵانی دژی ڕووسیا ده‌بین

پەیامی کورد  ...  کۆشکی کرێملین : گوێبیستی تۆمەتی ناعەقڵانی دژی ڕووسیا ده‌بین

ووتەبێژی كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی ڕووسیا (کرێملین) ئه‌مڕۆ رایگەیاند، ئەو تۆمەتانەی کە گوایە ڕووسیا ئامادەیە شەڕی ئەتۆمی دەست پێبکات، "شێتییەکی قبووڵ نەکراو" و بەشێکە لەوەی کە بە نیمچە شەڕێک وەسفی کردوە کە رۆژئاوا لە دژی ڕووسیا بەڕێوەی بردووە.
دیمیتری پێسکۆڤ، ووتەبێژی كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی ڕووسیا "کرێملین" ئه‌مڕۆ هەینی له‌ لێدوانێكدا له‌باره‌ی ئه‌و لێدوانانه‌ی كه‌ ده‌ڵێن، "ڕووسیا ئاماده‌یه‌ شه‌ڕی ئه‌تۆمی ده‌ست پێبكات"، رایگه‌یاند، "من ئەمە بە شێتییەکی قبووڵ نەکراو دەبینم و ئه‌وانه‌ تۆمەتی ناعەقڵانین".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "بەداخەوە لە ماوەی ساڵی رابردوودا گوێمان لە قسەی نابەرپرسانەی په‌یوه‌ست به‌ ئەتۆمی دەبێت، هەروەها گوێبیستی تۆمەتی ناعەقڵانی دژی ڕووسیا ده‌بین، کە ئێمە ئامادەین، وەک خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن، بۆ دەستپێکردنی شەڕی ئەتۆمی ئەمە شێتانەیە و قبووڵ ناکرێت".

ووتەبێژی کرێملین باسی له‌وه‌ش كرد، "ڕووسیا بە ووڵاتێکی زەبەلاح و بەهێزەوە زۆر ووریایە لە مامەڵەکردن لەگەڵ تواناکانی دا، هەروەک چۆن کەسێکی بەهێز بە بەرپرسیارییەتییەکی گەورەوە مامەڵە لەگەڵ دەسەڵاتەکەی دەکات، هەر وڵاتێکی بەهێزیش بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دەسەڵاتەکەی دەکات، بەڵام جێگەی داخە کە تەنانەت ئەم جۆرە قسەکردنە بەکاردەهێنێت وەک ئامڕازێک دژی ئێمە".
پێسکۆڤ ڕوونیشیکردەوە، ئەو تۆمەتانە دۆخێکی گرژی و هیستریای لای ئەو کەسانە درووست دەکات کە لە ووردبینیەکانی سیاسەت و کاروباری نێودەوڵەتی تێناگەن، "ئەرکی هەر یەکێک لە ئێمە و ئەرکی ئێوەش، ئەوەیە کە ڕوونی بکەنەوە کە زۆربەی ئەم لێدوانانە بێ بنەما و نابەرپرسیارانەن".


ئەم بابەتە 11984 جار خوێندراوەتەوە