کۆمارییەکان هەڵمەتی سزای ئەوپەڕی فشار لە دژی ئێران ئامادە دەکەن

پەیامی کورد   ...   کۆمارییەکان هەڵمەتی سزای ئەوپەڕی فشار لە دژی ئێران ئامادە دەکەن

                                           
کۆنگرێسمانە کۆمارییەکان هەڵمەتێکی چڕی فشاریان لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران دەست پێکردووە و هەوڵ دەدەن لە پاکێجێک دا، 10 پرۆژە یاسای سەپاندنی سزای تووند بە سەر ئێران ئامادە بکەن، ئەگەر پرۆژە یاساکان تێپەڕێندرێن، ئەوە هەموو ئیدارەکانی داهاتووی ئەمریکا دەبێت پابەندی بن.

ڕۆژنامەی واشینتۆن فری بیکۆن بڵاویکردووەتەوە، لیژنەی توێژینەوەی کۆمارییەکان، کە گەورەترین کۆمەڵەی پارتی کۆمارییەکانە لە کۆنگرێسی ئەمریکا، هەڵمەتەکەیان بە ناوی "قورسترین پاکێجی سزاکانی سەر ئێران لە مێژوودا" ئامادە دەکەن، جەخت کراوەتە سەر بڕین و وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی ئێران بۆ ڕێکخستن و گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکەیە، هاوکات چڕکردنەوەی سزاکانە بەسەر فرۆشتنی نەوتی ئێران.

ئۆگەست فلوگەر، کۆنگرێسمانی کۆماری سەرۆکی هەڵمەتی گەڵاڵەکردنی پرۆژە یاساکان بە فری بیکۆنی گووتووە: لە کۆنگرێس دا هەوڵی کۆکردنەوەی پشتیوانییەکی تەواو دەدەن بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا پاکێچی نوێی سزاکانی سەر ئێران ئامادە بکەن.

ئاشکراشی کردووە، یەکێک لەو سزایانەی لە پاکێجەکەدا جێگیر دەکرێت، تایبەت و ڕاستەوخۆ دژی ڕابەری باڵای ئێران دەبێت.
فلوگەر دەشڵێت: هەڵمەتەکەیان بۆ گەڵاڵەکردنی پرۆژە سزاکە زۆر بە پەلەیە، چوونکە ئێران لەگەڵ ئەوەی لە درووستکردنی چەکی ئەتۆمی نزیک دەبێتەوە، لە هەمان کاتدا دژایەتی هەوڵەکانی ئیدارەی ترامپ دەکات و ئامادەی دانووستان نییە، بەڵام پاکێچی سزاکان دەکرێت فشارێکی توند بن بۆ زیادکردنی فشارەکانی سەر سەرکردەکانی تاران.

هەروەها گەشبینی خۆی دەربڕیوە پڕۆژە یاساکان ڕەهەندی باشیان دەبێت و لە کۆنگرێس پشتیوانی دەکرێن بۆ تێپەڕاندن.
بە گوێرەی ڕۆژنامە ئەمریکییەکە، ئەمە دووەمین پاکێجی سزای توندە لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەن ئۆگەست فلوگەر سەرۆکایەتی دەکرێت. پاکێجی یەکەمیان، کۆتایی هێنان بوو بە لێخۆشبوونی کڕینی کارەبای ئێران لەلایەن عێراق ەوە، کە پێشتر بەردەوام لە لایەن ئیدارەی بایدنەوە نوێ دەکرایەوە و داهاتەکەشی بۆ ئێران ١٠ ملیار دۆلار بووە.

ئۆگست فلوگەر پرۆژە یاسای کۆتاییهێنان بە لێخۆشبوونی کڕینی کارەبای ئێرانی پێشکەشی کۆنگرێس کرد و دواجار بە ٢٥٩ دەنگی بەڵێ بەرانبەر ١٦٠ دەنگ کۆتایی بە لێخۆشبوونەکان هێنا.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی واشینتۆن فری بیکۆن، ئەگەر هەڵمەتی ئەم جارەی فلوگەر سەرکەوتوو بێت، ئەوا کۆتایی بە پشتیوانییە داراییەکانی ئێران بۆ بزووتنەوەی حەماس، حیزبوڵڵای لوبنان و حووسییەکانی یەمەن دێت، لە هەمان کاتدا هەموو ئەو ئیدارانەی دوای ئیدارەی ترامپ سەرۆکایەتی ئەمریکا دەگرنە دەست، دەبێت پابەندی ئەو پاکێجە سزایەی دژی ئێران بن.
 


ئەم بابەتە 41 جار خوێندراوەتەوە