کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانی عێراق لیستى تۆمارى دەنگدەران نوێ دەکاتەوە

پەیامی کورد     ...   کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانی عێراق لیستى تۆمارى دەنگدەران نوێ دەکاتەوە

عەبدولڕەزاق موشیر بەڕێوبەرى ئوفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانى عیراق لە پرێس کۆنفرانسێکدا ووتى، لە مڕۆ شەممەوە ٥٣ بنکەى تازەکردنەوە و تۆمارى دەنگدەرانمان لە سنوورى پارێزگاى هەولێر کردووەتەوە و بەپێی کاتى دەوام لە کاتژمێر هەشتی بەیانییەوە تا سێی دوانیوەڕۆ دەوام دەکەن.

ووتیشی: "بەمەبەستى هاوکارى لە تۆمار و تازەکردنەوەى دەنگدەران ٣٧ تیمى گەڕۆک  بۆ ئاوارەکان لە کەمپەکان و ناوشارەکان دیاری کراوە و ٤٥ تیمى دیکەش کە ئەوانیش گەڕۆکن بۆ هاووڵاتییانی پارێزگاى هەولێر دیاری کراون".

عەبدولڕەزاق موشیر باسی لەوەش کرد: "دەبێ هەموو دەنگدەران کارتی دیاریکردنی تەمەنیان بۆ دەنگدان هەبێت و بەبێ ئەو کارتە دەنگ نادرێت، هەروەها هەر هاووڵاتییەک کە پسوولەى خۆراکى هەولێر بێت و خاوەن ڕەگەزنامەى عێراقى بێت، دەتوانێ لە سنوورى پارێزگاى هەولێر خۆی تۆمار بکات".

لەبارەى کارتەکانیش باسی لەوە کرد: "لە ٢/١/ تا ٢/٢ نوێکردنەوە و تۆمارى دەنگدەران و تا ٥/٣ش لیست  کارتەکان ئامادە دەکرێن و دواتریش کارتەکان دروست دەکەین و دواى مانگى ٥ى ئەمساڵ کارتەکان دەدەینەوە بە هاووڵاتییان".

هەر بەپێی بڵاوکراوەى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ تازەکردنەوەى کارتى دەنگدەران لە پارێزگاى هەولێر ٥٣ بنکەى تۆمار هەیە و ١٣ بنکەش بۆ ئاوارەکان دیاری کراوە، جگە لە تیمە گەڕۆکەکان، بەو دابەشکارییەش پارێزگاى هەولێر بەسەر چوار بازنەى دەنگدان دابەش کراوە.

 


ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە