کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیارێک سەبارەت بە کارتەکانی دەنگدان دەردەکات
پەیامی کورد ... کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیارێک سەبارەت بە کارتەکانی دەنگدان دەردەکات
بەپێی بڕیارێکی کۆمیسیۆن کارتی کورت خایەن بۆ ئۆفیسی سەرەکی کۆمیسیۆن دەکێشنەوە و بەپرسێکی ھەڵبژاردنەکانی پارتیش لە مووسڵ دەڵێ، دوای پێداچوونەوە بڕیاری نوێ لەبارەی کارتی کورت خایەن دەدرێت.
مەناف حەسەن، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی لە مووسڵ، رایگەیاند، "کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاری داوە بە کشانەوەی کارتی کورت خایەنی دەنگدان و بەپێی بڕیاری کۆمیسیۆن ھەموو کارتەکانی کورت خایەن دەگوازرێنەوە بۆ ئۆفیسی سەرەکی و دوای پێداچوونەوە دووبارە کارتەکان دابەشی سەر دەنگدەران دەکرێت، چوونکە کۆمیسیۆن دەیەوێ ئەو کارتانەی دەنگدەرەکانیان لەژیاندا نەماون یانیش کێشەیان ھەیە لاببرێن.
بەرپرسەکەی پارتی لە مووسڵ ووتی، "ژمارەی ئەو کارتانەی پێی دەگوترێت کورت خایەن زۆرن، بەتایبەتی بۆ ئاوارە و خەڵکی مووسڵ دەرکراون، لەبەر ئەوەش پێویستە دوای گەڕانەوەی کارتەکان دەنگدەر خۆی سەردانی بنکەکانی کۆمیسیۆن بکات بۆ وەرگرتنەوەی.
پەیوەست بە ئامادەکارییەکانیش مەناف حەسەن روونی کردەوە، "پارتی لە سنووری نەینەوا دەستی بە ئامادەکاری کردووە بۆ ھەڵبژاردنەکان بەپێی بڕیار و رێنمایەکانی کۆمیسیۆن، ئێمە وەک پارتی لە پارێزگای نەینەوا خاوەن پێگەی جەماوەری خۆمانین و بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو پشت بە ھێزی جەماوەری خۆمان دەبەستین.
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە