کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان : ٨٢%ـی هاووڵاتیان کارتی دەنگدانیان وەرگرتوەتەوە
پەیامی کورد ... کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان : ٨٢%ـی هاووڵاتیان کارتی دەنگدانیان وەرگرتوەتەوە
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ٨٢%ـی هاووڵاتیان کارتەکانی دەنگدانیان وەرگرتوەتەوە و پێشبینی دەکەن ٥٠% بۆ ٦٠% هاووڵاتیان بەشداری هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمان بکەن کە بڕیارە ١٠ی تشرینی یەکەم بەڕێوەبچێت.
نەبراس ئەبوو سوودە، یاریدەدەری ووتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەشکرد، لەکۆی ١٧ ملیۆن کارتی دەنگدان، زیاتر لە ١٤ ملیۆن کارتی دەنگدان بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشکراون و پێشبینی دەکەن ٥٠% بۆ ٦٠% هاوڵاتیان بەشداری هەڵبژاردنی پێشوەخت بکەن.
ئاماژەی بەوەشکردوە، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لەئێستادا سەرقاڵی راهێنانە بەکارمەندانی سەر سندوقەکانی دەنگدان و چۆنیەتی تۆمارکردنی داتاکان، هەروەها بەهاوکاری وەزارەتی پەروەردە ئامادەکارییەکانی لە قوتابخانەکانیش بەردەوامن کە وەک بنکەی دەنگدان بەکاردەهێنرێن.
سەبارەت بە ئاستی بەشداری هاووڵاتیانیش ٧ی ئەم مانگە ناوەندی "كلواذا" بۆ توێژینەوەی و راپرسی لەعێراق ئەنجامی راپرسییەکی لەبارەی ئاستی بەشداری هاووڵاتیان لەهەڵبژاردنەکەی ١٠ی تشرینی یەکەم بڵاوکردەوە، لەراپرسییەکەدا ٣٦٠٠ کەس بەشدارییانکرد لەو ژمارەیەش ٢٩%ـی دەنگدەران وتویانە بەشداری هەڵبژاردنەکە دەکەن.
١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بەڕێوەدەچێت، لەو چوارچێوەیەشدا لە ٣١ی ئازاری ئەمساڵ پەرلەمانی عیراق بڕیاریدا سێ رۆژ بەر لە هەڵبژاردنەکان خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
ئەم بابەتە 12010 جار خوێندراوەتەوە