کۆمیسیۆنی یەکیتی ئەورووپا : ڕووداوەکانی ئەفغانستان زللـەیەکی تووندە بۆ کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی

پەیامی کورد      ...   کۆمیسیۆنی یەکیتی ئەورووپا : ڕووداوەکانی ئەفغانستان زللـەیەکی تووندە بۆ کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی

پاش یەک هەفتە بەسەر داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن گرووپی تاڵیبانەوە، بەرپرسی کۆمیسیۆنی یەکیتی ئەورووپا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە یەکیتی ئەورووپا گرووپی تاڵیبان بە فەرمی ناناسێت و وتووێژ و دانیشتنی سیاسی لەگەڵ ئەو گرووپە ناکا.

ئۆرسۆلا فۆندێرلاین، بەرپرسی کۆمیسیۆنی یەکیتی ئەورووپا، ڕۆژی شەممە ٣٠ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیدا ڕایگەیاند کە ئەوەی لە ئەفغانستان ڕوویداوە تراژیدییە و زلـلەیەکی تووند و بەهێزە بۆ کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و کۆمیسیۆنی یەکیتی ئەورووپا گرووپی تاڵیبان بە فەرمی ناناسێت.

ناوبراو لەدرێژەدا وتی: ئێمە دەبێ ئاگاداری بارودۆخی پەناخوازانی ئەفغانی بین و ڕێگە نەدەین کە ببنە قوربانی دەستی قاچاخچیانی مرۆڤ و دەبێ ئاسانکارییان بۆ بکەین کە بگەنە ووڵاتانی ئەورووپایی.

فۆندێرلاین لە دڕیژەدا سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانییەکانی یەکیتی ئەورووپا لەهەمبەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئەفغانستان لەلایەن گرووپی تاڵیبانەوە وتی: یەکیتی ئەورووپا ئامادەیە هاوکاری ماڵی بدا بەو ووڵاتانەی کە پەناخوازە ئەفغانییەکان لەخۆ دەگرن.


ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە