کۆمیسیۆن کاتی ڕاگەیاندنی دەرئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی ڕاگەیاند

پەیامی کورد     ...   کۆمیسیۆن کاتی ڕاگەیاندنی دەرئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی ڕاگەیاند

بەرپرسی ئۆفیسی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە دھۆک ووتی، کۆمیسیۆن ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی تەواو کردووە و ھیچ کێشەیەکی نەبووە و بڕیاریشە ئەم ھەفتەیە ئەنجامی کۆتایی ڕابگەیندرێت.

خالد عەباس، بەرپرسی ئۆفیسی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە دھۆک، ڕایگەیاند : ''پرۆسەی ھەڵبژاردن زۆر باش و بێ گرفت بەڕێوە چوو و ھیچ کێشەیەک نەبوو و لای ئێمە ھیچ گۆڕانکاریەکیش ڕووی نەداوە و ئەگەر ھەر گۆڕانکارییەکیش ھەبێت بۆ مەرامی سیاسی و دەستوەردان بووە لە دەستەی دادوەری، چوونکە ئەنجامەکان نێردراون بۆ لای ئەوان.''

بەرپرسی ئۆفیسی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە دھۆک ووتیشی: ''ھۆکاری دواکەوتنی ڕاگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ھەندێک تانەی لێ درا و ھەندێک پرسی سیاسیش ھاتنە ناو پرۆسەکە و ئەمە وای کرد ئەنجامەکان دوا بکەون، بۆیە ئەم ھەفتەیە ئەنجامی کۆتایی ڕادەگەیندرێت.''

عەباس ڕوونیشی کردەوە: ''کۆمیسیۆن ھیچ کێشەیەکی نەبووە و ھەر گۆڕانکارییەکی بکرێت ئەوە ھەندێک دەقی یاساییان بۆ خۆیان دۆزیوەتەوە، چوونکە ئێمە کێشەمان نەبووە و گۆڕانکاری نەبووە، بۆیە ناکرێت ئێستا باسی گۆڕانکاری بکرێت، چوونکە پرۆسەکە بێ کێشە بەڕێوە چووە و دەنگی ھەموو لایەنەکان دیار بوو، بەڵام دەستەی دادوەری ڕەنگە بۆ بەرژوەندی ھەندێک لایەن و شەقام ئەگەر گۆڕانکاری بکات، کە ئەمەش یاسایی نییە.''


ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە