کۆنگرەی ئەمریکا بەرامبەر کوشتاری خەزەڵوەری ٩٨، بڕیارنامەیەکی دژی ڕژیمی ئێران دەر کرد

پەیامی کورد       ...    کۆنگرەی ئەمریکا بەرامبەر کوشتاری خەزەڵوەری ٩٨، بڕیارنامەیەکی دژی ڕژیمی ئێران دەر کرد

مەجلیسی نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە دووەمین ساڵڕۆژی سەرکوتکردنی خوێناوی ناڕازییانی خەزەڵوەری ٩٨ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، بڕیارنامەیەکی دژی ئەم ڕێژیمە دەر کرد.

٢٤ نوێنەری کۆماریخواز بە ڕابەری "جیم هەگێدورن" نوێنەری ویلایەتی "مینەسووتا"، ئەو بڕیارنامەیەیان ڕێک خستووە.

لەو بڕیارنامەیەدا لە وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی "جۆ بایدن" سەبارەت بە گۆڕینی ناوەڕۆکی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوی دەوڵتی پێشووی ئەمریکا ڕەخنە گیراوە و وتوویانە: "دەوڵەتی ترامپ ڕێژەی کوژراوانی ١٥٠٠ کەس تۆمار کردووە، لە حاڵێکدا دەوڵەتی بایدن ئەو ڕێژەیەی بۆ ٣٠٤ کەس کەم کردووەتەوە".

ئەو نوێنەرانە داوایان کردووە کە وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی "بایدن" ڕێژەی کوژراوانی خەزەڵوەری ٩٨ بکاتەوە بە ١٥٠٠ کەس و ئەو کارەی دەوڵەتی "بایدنـ"ـیان یارمەتییەک بۆ داپۆشینی تاوانەکانی ڕێژیمی ئێران وەسف کردووە.

ئەو بڕیارنامەیە یەکەمین بڕیارنامەی فەرمی کۆنگرەی ئەمریکایە بە مەبەستی بە فەرمی ناسینی کوشتارەکانی ساڵی ٩٨ی هەتاوی کە بە "خەزەڵوەری خوێناوی" ناسێندراوە.

کۆماریخوازان بۆ یەکەم جار "ئەوەیکە زۆربەی خەڵکی ئێران لە دەسەڵاتی دیکتاتۆری عەلی خامنەیی ڕازی نین و مافی مرۆڤی خەڵکی ئێران بەردەوام پێشێل دەکرێت" لە ئەرشیفی کۆنگرەی ئەمریکادا تۆمار دەکەن.


ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە