کەتائێبی سەیدۆلشۆهەدا : ئەمریکا لە عێراق نەکشاوەتەوە و ئێمەش هێرشی دەکەینە سەر

پەیامی کورد     ...   کەتائێبی سەیدۆلشۆهەدا :  ئەمریکا لە عێراق نەکشاوەتەوە و ئێمەش هێرشی دەکەینە سەر

كەتائیبی سەید شوهەدا دەڵێت، كازمی بۆ بابەتێكی دیكە سەردانی واشینتۆن ی كرد نەك كشانەوە، ئەمریكا بەهیچ شێوەیەك لە عێراق نەكشاوەتەوە و ئەوەی دەگوزەرێت تەنها چاوبەست كردنە و بە هەر جۆرێك بمێنێتەوە هێرشی دەکەینە سەر.

كازم فەڕتووسی ووتەبێژی كەتائیبی سەید شوهەدا یەكێك لە گرووپە كاریگەرەكانی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند، لە پرسی كشانەوەی ئەمریكادا حكوومەتی عێراق بووەتە نێوەندگیر لەنێوان گەلەكەی و داگیركەردا، تا ئێستا ئەمریكا بە هیچ ڕاگەێندراوێكی فەرمی كشانەوەی هێزەكانی لە عێراق ڕانەگەیاندووە و دڵنیای نەكردووینەتەوە.

بە ووتەی ئەو، ئێستا هەمووان دەربارەی چارەنووسی ئەو هێزانەی كشاونەتەوە و چۆنیەتی كشانەوەیان دەپرسن و دەڵێت، “گۆڕینی ناونیشانەكان فریومان نادات و شارەزایانی ئەمریكا لە هیچ بوارێكدا سوودیان بە عێراق نەگەیاندووە”، وەك ئاماژەیەك بۆ مانەوەی ڕاوێژكارانی ئەمریكی لە عێراق.

ووتەبێژی كەتائیبی سەید شوهەدا فەڕتووسی لە دیدارێكی تەلەڤیزیۆنیدا ڕەخنە لە موستەفا كازمی سەرۆك وەزیران دەگرێت و تۆمەتباری دەكات بەوەی هەوڵی دەركردنی هێزەكانی ئەمریكای نەداوە، “موستەفا كازمی سەرۆك وەزیران بۆ هەڵبژاردن چووە واشینتۆن، نەك كشانەوە، هێشتا زیاتر لە ٢٥٠٠ سەربازی ئەمریكی لە عێراقدا ماونەتەوە”،  .

ساڵی ڕابردوو چەندین هێرشكرانەسەر باڵیۆزخانە و بنكەكانی ئەمریكا لە عێراق، هێرشەكان لەڕێگەی مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی مووشەك هەڵگر و بۆمبڕێژكراوەوە ئەنجامدران و بەشێكیان لە هەرێمی كورستان بوون، دوو گرووپی حەشدی شەعبی كە یەكێكیان كەتائیبی سەید شۆهەدایە، بەرپرسیارییەتی ئەنجامدانی زۆرینەی ئەو هێرشانەیان خستە ئەستۆی خۆیان.

ووتەبێژی كەتائیبی سەید شوهەدا لە دیدارەكەدا هەڕەشەی لە ئەمریكا و هێزەكانی كرد و وتی، “بژاردەكانمان بۆ بەرپرچدانەوەی ئەمریكا كراوەن و وەك ڕێزگرتن لە جەژنەكانی برایانی كریستیان هێرشەكانمان بۆسەر ئەمریكییەكان ڕاگرتووە، بوونی سەربازی ئەمریكا بە هەر جۆرێك بێت هێرشیدەكەینەسەر”.


ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە