کەس وکاری ٩ کۆچبەری کورد بۆ سێیەم جار لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە تاران کۆدەبنەوە
پەیامی کورد ... کەس وکاری ٩ کۆچبەری کورد بۆ سێیەم جار لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە تاران کۆدەبنەوە
سێ رۆژە کەس وکاری ٩ کۆچبەری بێسەروشوێن بووی رۆژهەڵاتی کوردستان لە تاران بەردەوام لە بەردەرگای باڵیۆزخانەی تورکیان و داوای ئازادکردنی دەستبەسەرکراوانیان دەکەن کە پێیان وایە چوار مانگ پێش ئێستا لە تورکیاوە دیپۆرتی سووریا کراون.
راشین رۆستەمی، خوشکی ئەفشار رۆستەمی کە یەکێکە لە کۆچبەرەکان رایگەیاند، ماوەی سێ رۆژە کەس وکاری ئەو ٩ کۆچبەرە لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە تارانن، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ کەسێک ئامادە نییە لەسەر ئەو کەیسە ووڵامیان بداتەوە.
راشین رۆستەمی ووتی، "ئەو کۆچبەرانە لە تورکیا خۆیان وەکوو سووری ناساندووە بۆ ئەوەی بتوانن لەو ووڵاتە بمێننەوە تاوەکوو بڕۆنە ئەورووپا، هێزەکانی تورکیا ش لە ئیستەنبووڵ دەستگیریان کردن و دیپۆرتی سووریایان کردنەوە، ئێستا لە شاری عەزاری سووریا دەستبەسەرن و هیچ هەواڵێک لەبارەیانەوە نازانین، داوا دەکەین تورکیا هەوڵەکانی بخاتە گەڕ بۆ ئازادکردنیان".
ئەو ٩ کۆچبەرە کوردە خەڵکی پاوەی رۆژهەڵاتی کوردستانن و تەمەنیان لە نێوان ٣٥-٤٥ ساڵە و چوار لەوانە خێزاندارن، بۆ ماوەی زیاتر لە چوار مانگە لە ئەعزازی سووریا دەستبەسەرن، ئەوان لەگەڵ ئەو ٥٤ کۆچبەرەی باشووری کوردستان بوون کە دوای ئەوەی لە تورکیا دەستگیرکران و خۆیان بە سووری ناساندبوو دیپۆرتی ئەو وڵاتە کران، بەڵام کۆچبەرانی باشووری کوردستان دوای ماوەیەک ئازادکران و لە رێگەی تورکیاوە گەڕێندرانەوە باشووری کوردستان.
ناوی کۆچبەرەکان: بەهمەن شادرەوان، دەماوەند پاک سرووشت، سەعید ئەحمەدی، فەردین دەروێش پوور، مۆبین وەلەدبێگی، مەسعوود حەیدەری، هیدایەت ڕۆخزادی، ئەفشار رۆستەمی و سامران خزر پوور. ئەوان خەڵکی شاری پاوەی رۆژهەڵاتی کوردستانن.
ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە