کەشناسی، شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران ڕادەگەێنێت و دەکەوێتە حالەتی ئامادەباشی یەوە

پەیامی کورد     ...  کەشناسی، شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران ڕادەگەێنێت و دەکەوێتە حالەتی ئامادەباشی یەوە

بەپێی پێشبینی کەشناسی، شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەش تیمەکانی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشی بۆ کردنەوەی رێگاکان و راماڵینی بەفر.

مەریوان مەلا حەسەن، ووتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، ڕایگەیاند: "لە ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان تیمی راماڵینی بەفر جێگیر کراون و تیمەکانمان لە ئەرکدان بۆ خاوێنکردنەوەی رێگاکان لە بەفر، لە شەپۆلی رابردووەوە تا ئێستاش تیمەکانی ئاوەدانکردنەوە بەردەوامن لە ئەرکی خۆیان بۆ کردنەوەی رێگا سەرەکی و لاوەکییەکان".

ووتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ووتیشی، ساڵانە بوودجەیەکی تایبەت بۆ ئەو تیمانەی راماڵینی بەفر خەرج دەکرێت، چوونکە ھەندێ رێگەی سەرەکی ھەن پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە و راماڵینە لە بەفر و پاشماوەی بەفرو باران.

مەلا حەسەن ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، لە ئێستادا تیمەکانی وەزارەت لە ھەموو ناوچە شاخاوییەکان لە ئامادەباشیدان بۆ ھەر شەپۆلێکی بەفربارین و لەگەڵ دەستپێکردنی بارینی بەفر تیمەکانی راماڵین دەست بە کار دەکەن بۆ ئەوەی ھیچ رێگەیەک نەگیرێت و ئاستەنگ بۆ ھاتووچۆ درووست نەبێت.


ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە