گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراق بەرامبەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەڕەشە دەکەن

پەیامی کورد      ...   گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراق بەرامبەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەڕەشە دەکەن

"هادی عامری" ڕابەری هاوپەیمانیەتی "فەتح" کە گرووپێکی گرێدراو بە ڕێژیمی ئێران ە، لە ئاکامی بەدەست نەهێنانی کورسییەکی زۆر لە هەڵبژاردنەکانی پەرلمانی عێراق، وتوویەتی: "ئاکامی هەڵبژاردنە فەرمییەکان بە هیچ شێوەیەک قەبووڵ ناکەم".

"عامری" لە بەیانییەیەکی کورتدا وتوویەتی: "لە ‌هەڵبژاردنەکاندا ساختەکاری کراوە و هۆشداری داوە کە ئەو هاوپەیمانییە بە تەواوی هێزیەوە داکۆکی لە دەنگی بەربژێرەکانی فەتح و دەنگدەران دەکات".

هاوپەیمانیەتی "فەتح" کە لقێکی سیاسی حەشدی شەعبییە، تەنیا ١٥ کورسی بەدەست هێناوە کە شکستێکی دژوار بۆ ئەو هاوپەیمانییە دێت ئەژمار، ئەو گرووپە لە هەڵبژارنەکانی پێشوودا پتر لە ٥٠ کورسی بەدەست هێنابوو.

هەروەها "ڕەوتی سەدر" بە ڕێبەری "موقتەدا سەدر" پتر لە ٧٠ کورسیی بەدەست هێناوە، پاشان هاوپەیمانیەتی "تەقەدوم" پێکهاتوو لە چەند حیزبی سونییەکان، هاوپەیمانییەتی شیعەی "دەوڵەتی یاسا" بە ڕێبەری "نووری مالکی" و پارتی دێموکراتی کوردستان پتر لە ٣٠ کورسی بەدەست هێناوە.

لەلایەکی دیکەوە یەکێک لە ڕێبەرانی گرووپی "کەتائێبی حیزبوڵـڵا" ئاکامی هەڵبژاردنەکانی بە "ساختە و فریوکاری" ناو بردووە.

"ئەبوو عەسکەری" کە بە بەرپرسی ئەمنییەتی "کەتائێب" ناسراوە، داوای لە گرووپەکانی "موقاومەت" کردووە خۆیان بۆ "قۆناغی هەستیار" ئامادە بکەن.

"عەسکەری" وتوویەتی: "بەهۆی پەیمانێک کە لەگەڵ نەتەوەکەمان بەستوومانە، ڕاشکاوانە هەوڵ بۆ گەڕانەوەی بارودۆخی درووست دەدەم".

ناوبراو باسی لەوە کرد کە لە هەڵبژاردنەکاندا ئامانجی سەرەکی لێدانی حەشدی شەعبی بووە و داوای لە گرووپەکانی هاوپەیمان کردووە بۆ بەرگری لە حەشد خۆیان ئامادە بکەن.

هەروەها "محەممەد ئەلموتەمیمی" یەکێک لە فەرماندەکانی حەشدی شەعبی ئیدعای کردووە کە لە هەڵبژاردنەکانی پارلمانی عێراقدا ساختەکاری کراوە و هەوڵ دەدات لایەنگرەکانیان ڕابکێشنە سەر شەقامەکان.

لە وڵامی هەڕەشەکانی حەشدی شەعبی، "موقتەدا سەدر" دژکردەوەی پیشان داوە و و وتوویەتی: "گرینگ نییە کێ براوەی ئەو هەڵبژاردنەیە بەڵکوو گرyنگ ئەوەیە خەڵکی عێراق لە بواری خزمەتگوزاری و ئەمنییەت و بابەتی دیکەی لەو شێوەیە بەهرەمەند بن".

"سەدر" ڕۆژی دووشەمە لە کاتی وتاردان بۆ خەڵک وتوویەتی کە تەنیا بۆ دەوڵەت ڕەوایە چەکی لەدەستدا بێت و داوای کردووە کەڵکوەرگرتن لە چەک و چۆڵ لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراق قەدەغە بکرێت، هەروەها ئەو قەدەغەکردنە دەبێ ئەو کەسانەش بگرێتەوە کە خۆیان بە "مێحوەری موقاومەت" ناو دەبەن.


ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە