گورگە بۆرەکانی تورکیا لە لایەن ئەمریکاوە خرایە لیستی ڕەش و تێرۆری ئەو ووڵاتەوە

پەیامی کورد     ...   گورگە بۆرەکانی تورکیا لە لایەن ئەمریکاوە خرایە لیستی ڕەش و تێرۆری ئەو ووڵاتەوە

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەیەوێت لەڕێگای پێشکەشکردنی پڕۆژە یاسایەکەوە ڕێکخراوی گورگە بۆرەکان کە ڕێکخراوێکی رەگەزپەرستی سەر بە پارتی نەژادپەرستی هاوپەیمانی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری تورکیایە، بخاتە لیستی تیرۆرەوە، کە ئەمەش تووڕەیی و بێزاری حکوومەتی تورکیای لێکەوتۆتەوە.

لەوبارەیەشەوە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەبەیاننامەیەکدا نارەزایەتیی خۆی بەرانبەر بە پڕۆژە یاساکە دەربڕیوە و تێیدا وتوویەتی: ئەو هەنگاوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆر جێگای داخ و نیگەرانی تورکیایە، هەروەک لەبەشێکی تری بەیاننامەکدا هاتووە کە تێپەڕاندنی ئەو جۆرە پڕۆژە یاسایانە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکاوە پشت بە بانگەشەی بی بنەما دەبەستێت و لەگەڵ هاوپەیمانێتی ڕەگداکوتاوی نێوان تورکیا و ویلایەتە یەکگرتووەکاندا نایەتەوە.

لای خۆشییەوە پارتی نەژادپەرستی تورکیا بە سەرۆکایەتی دەوڵەت باخچەلی رایگەیاندووە کە ئامانج لە پێشکەشکردنی پڕۆژە یاساکەی ئەمریکا، بەئامانجگرتن و ترساندنی بزووتنەوە نەتەوەییەکانی تورکیایە.

هەروەک ئیبراهیم کاڵن وتەبێژی سەرۆکایەتیی تورکیا لەبەیاننامەیەکدا سەبارەت بە هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ بەتیرۆریست ناساندنی ڕێکخراوی گورگە بۆرەکان ئاماژەی بەوەکردبوو کە ئیدارەی بایدن چاو لە مەترسییە ئەمنییەکانی تورکیا دەپۆشێت و بەردەوامە لە پێشکەشکردنی هاوکاری بە یەکینەکانی پاراستنی گەل لە سووریا.

هەفتەی رابردوو ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پڕۆژە یاسایەکی پێشکەش کرد کە هەموارێکی لەخۆگرتووە کەبەپێی ئەوە داوا لە ئەنتۆنی بلینکنی وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات راپۆرتێک پێشکەش بکات و تێیدا هەڵسەنگاندن بۆئەوە بکات کە ئایا بەپێی پێوەرەکانی ئەمریکا بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، دەکرێت ڕێکخراوی گورگەبۆرەکانی تورکیا وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسرێت یان نا.

لەحاڵەتی پەسەندکردنی پڕۆژە یاساکە لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش دەچێتە پاڵ ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەوروپایی کە ڕێکخراوە تورکییەکە کە باکراوندێکی راستڕەو و نەژادپەرستانەیان هەیە، وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی دەناسێنن.

پێشتر هەریەک لە فەڕەنسا و نەمسا ڕێکخراوی گورگە بۆرەکانی تورکیایان وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی هەژمار کردووە و ساڵی رابردووش پەڕلەمانی ئاڵمانیا پێشنیازێکی پێشکەشی حکوومەتی ئەو ووڵاتە کرد بۆئەوەی ئەو گرووپە قەدەغە بکات و چاودێریی چالاکیی و جموجۆڵەکانیان لەو وڵاتەدا بکات.


ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە