گڕووسی : ئێران بەنیازە بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی ٦٠٪ بەرامبەر بە حەوت هێندە زیاد بکات
پەیامی کورد ... گڕووسی : ئێران بەنیازە بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی ٦٠٪ بەرامبەر بە حەوت هێندە زیاد بکات
ڕۆژی هەینی ١٤ی فێبریوەری لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئەمنییەتی میوونشن، ڕافائێل گرووسی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆیتەرز ڕایگەیاند کە تاران لە پیتاندنی یۆرانیۆم تا ئاستی نزیک بە پلەی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بەردەوامە.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران بەرهەمی مانگانەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ٦٠٪ نزیکەی حەوت هێندە زیاد کردووە بە شێوەیەک کە ئێران تا ئەو کاتەی کە ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆمی ڕاپۆرتی داهاتووی خۆی لە چەند حەفتەی داهاتوودا پێشکەش دەکات، نزیکەی ٢٥٠ کیلۆ یۆرانیۆمی پیتێندراوی ٦٠٪ دەبێت.
ڕۆیتەرزیش نووسیویەتی ئەم ڕێژەیە لە یۆرانیۆمی پاشەکەوتکراو، ئەگەر ئاستی پیتاندنی بۆ ٩٠٪ بەرز بکرێتەوە دەتوانرێت بۆ بەرهەمهێنانی شەش بۆمبی ئەتۆمی بەکار بهێنرێت.
هەروەها گڕووسی ڕایگەیاند ئەمە نیشانەیەکی ڕوونە کە پێویستە زۆر بە جیددی وەربگیرێت و نابێت کاتێکی زیاتر بەفیڕۆ بدەین چونكە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران خەریکە تەواو دەبێت
ئەم بابەتە 65 جار خوێندراوەتەوە