گۆڕانکاری بە سەر کاتەکانی دابەش کردنی کارەبا دا دێت
پەیامی کورد ... گۆڕانکاری بە سەر کاتەکانی دابەش کردنی کارەبا دا دێت
بڕیارە لە سەرەتای مانگی ٣دا پێدانی کارەبا لە ڕێگەی پێوەری زیرەکەوە بکرێتە ٤٠ ئەمپێر و بەرپرسێکی وەزارەتیش دەڵێ، پێشبینی دەکەین بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ڕەوشی کارەبا باشتر بێت لە ئێستا.
حسێن حەمەد، ڕاوێژکاری وەزارەتی کارەبا راگەیاند: "وەزارەتی کارەبا خەریکی ئامادەکارییە بۆ ئەوەی لە سەرەتای مانگی ئاداری داھاتوو ئەو بڕە کارەبایەی لەڕێگەی پێوەری زیرەکەوە بە ھاووڵاتیان دەدرێت بەرز بکرێتەوە بۆ ٤٠ ئەمپێڕ، چوونکە لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو بەھۆی نزمبوونەوەی پلەی گەرما و رێژەی خواست لەسەر بەکارھێنانی کارەبا بڕی کارەبای پێوەری زیرەک کەم کرابوو بۆ ٣٠ ئەمپێر".
ڕاوێژکاری وەزارەتی کارەبا ووتیشی: "لە مانگی داھاتووە دەچینە نێو وەرزی بەھار و پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرماش بەرەو بەرزبوونەوە بچن، لەبەر ئەوەش پێدانی کارەبای نیشتیمانیش زیاتر دەبێت لەوەی ئێستا ھەیە".
حسێن حەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە لەسەر ئەنجامدانی پلانەکانی بۆ ئەوەی کارەبای زیاتر بە ھاووڵاتیان بدرێتن، چوونکە خزمەتگوزاری کارەبا یەکێکە لە پێداویستیە سەرەکی یەکانی ژیان و ئەوەی لە توانادابێت کار بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی پێدانی کارەبا دەکرێت".
ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە