گۆڕانکاری لە دابەشکردنی ئاودا دەکرێت
پەیامی کورد ... گۆڕانکاری لە دابەشکردنی ئاودا دەکرێت
بۆ ئەوە بتوانرێت ئاوی خواردنەوە کۆنتڕۆڵ بکرێت و ڕێگە لە بەھەدەردانی ئاو بگیرێت، پلانێکی نوێ بۆ ڕێکخستنەوەی دابەشکردنی ئاو دەگیرێتە بەر و بەڕێوبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆکانیش دەڵێت، کاتەکانی دابەشکردنی ئاو گۆڕانکاری بەسەردا دێت
ئاری ئەحمەد، بەڕێوبەری گشتی ئاو، ڕایگەیاند: "حکوومەت ڕێژەیەکی زۆری ئاوی خواردنەوە بۆ ھاووڵاتییان دابین دەکات، بەڵام بەداخەوە بەشێکی زۆری ئەو ئاوەی لەلایەن حکوومەتەوە بەرھەم دێت لەلایەن ھاووڵاتییانەوە بەھەدەر دەدرێت، لەبەر ئەوەش، بۆ ڕێگریکردن لە بەھەدەردانی ئاوی پاک، پلانێکی دیکە دەگرینە بەر، ئەویش کەمکردنەوەی کاتی بەردانی ئاوە، واتە بە گوێرەی پێویستیی ھاووڵاتییان ئاو دەبێت، ئەگەر لە شوێنێک ٢٤ کاتژمێر ئاوی ھەبێت کەم دەکرێتەوە بۆ چەند کاتژمێرێک."
بەڕێوبەری گشتی ئاو ووتیشی: "لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان دابەشکردنی ئاو گۆڕانکاری بەسەر دێت، بەڕێوبەرایەتییەکانی ئاو ڕاسپێردراون بە سیستەمی نوێ ئاو دابەش بکرێت، چوونکە ئێمە پێداچوونەوەمان بە ڕەوشی ئاودا کردووە و بۆمان دەرکەوتووە بەشێکی ئەو ئاوەی بەفیڕۆ دەدرێت بەھۆی زۆربوونی کاتژمێرەکانی ئاوە."
ئاری ئەحمەد ڕوونی کردەوە: "لەمەوبەدوا ھەر ڕۆژێک نا ڕۆژێک ئاو دابەش دەکرێت و بۆ چەند کاتژمێرێک، جگە لەوەی سامانێکی گشتی و نیشتمانی بەھەدەر دەدرێت بارگرانی بۆ ئەوانەی پێشتر پێوەریان گرێ داوە درووست کردووە و پارەیەکی زۆر بۆ ھاووڵاتییان دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەگەر پلانی نوێ جێبەجێ بکرێت ئەوە کاریگەری دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی بەھەدەردانی ئاو."
ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە