گێڕانەوەیەکی ترسناک لە بەندکراوێکی کورد

پەیامی کورد   ...   گێڕانەوەیەکی ترسناک لە بەندکراوێکی کورد 

گێڕانەوەیەكی ترسناكی ڕزگار بەیگزادە بابامیری لە ١٣٠ ڕۆژ دیلی و ئەشکەنجەدا

ڕزگار بەیگزادە بابامیری، زیندانی سیاسی کوردی زیندانی لە زیندانی ناوەندی ورمێ، لە نامەیەكدا پەردەی لە ئەزموونە ترسناکەکانی ١٣٠ ڕۆژ دەستبەسەری و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی خۆی هەڵدایەوە.

ناوبراو لەو نامەیەدا کە هەوڵێکە بۆ گەیاندنی دەنگی خۆی بە “جیهانی پێشكەوتوو"، باسی لە ئەشکەنجەدانی سیستماتیك، هەڕەشەی کوشتن و نادادپەروەری دادوەری کردووە و داوای لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، میدیای ئازاد و چالاكوانان کردووە لە بەرامبەر ئەم "تاوانانەی دژ بە مرۆڤایەتی" بێدەنگ نەبن.

سەرەتای کابووس لە بۆكان

بەیگزادە داستانی خۆی لە ٢٨ی خاكەلێوەی ١٤٠٢ەوە دەست پێدەكات. کاتێک بە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی کەسێک بە ناوی سەعیدی، كە خۆی وەك ڕاسپێردراوی ئیدارەی تیرۆریستی ئیتلاعاتی بۆكان ناساندووە، بانگهێشتی شوێنێکی پەراوێزی شاری دەکات. دوای ڕۆیشتنی، لەلایەن سەعیدی و کەسێکی دیکە بە ناوی سازمانی قوربانی، کە دواتر دەركەوت لێکۆڵەری دۆسیەکەیە، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆكان گواسترایەوە. لە کاتژمێر ١٠ی شەوی هەمان ڕۆژ، تیمێکی شەش کەسی کە پێکهاتبوون لە سەعیدی، قوربانی، بەرپرسی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆكان (ناسراو بە حجەتی) و سێ بەکرێگیراوی نەناسراو، ئەشکەنجەی دڕندانەیان داوە.

بە ووتەی بەیگزادە، ئەو ئەشکەنجەیە بریتی بوون لە لێدانی بەردەوام، شۆكی ئەلیكترۆنی، هەڕەشە بە کوشتن و سووكایەتیپیكردن. لێکۆڵەران چەندین جار پێیان وتووە لە شوێنێکە کە پێشتر "دەیان ئاژاوەگێڕ" تێیدا لەژێر ئەشکەنجەدا كوژراون، و تەرمەکەیان فڕێدراوەتە نێو بەنداوی بۆکان یان گۆڕە بەکۆمەڵەکانەوە.

ناوبراو لە نامەکەدا نووسیویەتی "هەموو هەوڵیان ئەوە بوو، من تێبگەم کە گەیشتوومەتە کۆتایی هێڵەکە و ئەشکەنجەدەرەکانم پارێزبەندی یاسایی ڕەهایان هەیە". بەیگزادە بۆ ماوەی سێ   ڕۆژ بەهۆی لێدان و شۆكی ئەلیكترۆنی لە هۆش خۆی چووە.

گواستنەوە بۆ ورمێ و ئەشکەنجەی "تایبەتی"

دوای ٧٢ کاتژمێر لە ئەشکەنجەدان لە بۆكان، بەیگزادە لەگەڵ چەند تۆمەتبارێکی دیکە، شەوانە و بە ڕێوشوێنی توندی ئەمنی بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ورمێ گوازرایەوە. لەوێدا بە وتەی خۆی، ئەشکەنجەدانەکان بە شێوەیەکی "پیشەیی و جۆراوجۆر و پلان بۆ داڕێژراو" بەردەوام بوون. ئەو باسی هەندێک لەم تەکنیکانە دەکات:

خەفەكردن: بە کیسەیەک لە سەریدا و دەست و قاچی بەستراو، ئەویان دەخستە ئاوێك تا هەست بە مردن بەهۆی خنکانەوە ئەزموون بکات.

لەسێدارەدانی ڕواڵەتی (هەڵواسین): لە نیوەی شەودا، ئەویان بە پەتێك لە دەوری گەردنی لەسەر چوارپایەیەك ڕادەگرت و هەڕەشەی لەسێدارەدانی نهێنییان لێدەكرد.

لەسێدارەدانی ڕواڵەتی (تەقەکردن): بە چاوی داخراو و بە سووكایەتییەوە، لێكۆڵەران بە ڕاکێشانی ماشەی چەكەكانیان، هەڕەشەی کوشتن و ناشتن لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانیان كردووە.

شۆكی ئەلیكترۆنی: بە بەستنەوەی ئەو بە کورسییەکەوە، شۆكی ئەلیكترۆنیان لە بە بەشە هەستیارەکانی جەستەی داوە بۆ ئەوەی ناچار بە دان پێدانانی بكەن.

بێخەوی زۆرەملێ : بە درووستكردنی ژاوەژاو و لێدانی بەردەوام، لێکۆڵەران ڕێگریان لە خەوتنی دەكرد بۆ ئەوەی بەرخۆدانەکەی بشکێنن.

بەیگزادە جەخت لەوە دەکاتەوە کە تاکە تاوانی ئەو "یارمەتیدانی خەڵك" بووە، بەڵام لێکۆڵەران لەو ڕێگەیەوە هەوڵیان داوە ئەو ناچار بە دانپێدانان بۆ دۆسیەسازی بكەن.

بەیگزادە دوای گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی ناوەندی ورمێ، هەوڵیدا سکاڵای یاسایی لە دژی ئەشکەنجەدەرەکان تۆمار بکات. ناوبراو توانی دۆسیەیەک بە ژمارە ١٤٠٣٣٥٩٢٠٠٠٢٢٥٧٨٣٤ لە دادستانی ورمێ بکاتەوە کە ڕەوانەی دادگای سەربازی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا کرا. بەڵام جێگری دادستانی لقی ١ی دادستانی سەربازی بە بیانووی "تێپەڕینی ساڵێک بەسەر ئەشکەنجەدان" فەرمانی ڕاگرتنی دەرکرد و ڕێگری لە ڕەوانەکردنی بەیگزادە بۆ پزیشکی دادوەری کرد.

دەنووسێت: "ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتن بە پزیشکێکی بێلایەن واتە پشتگیریکردنی ئەشکەنجەدەرەکان و درووستکردنی پارێزبەندی بۆ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە".

بەیگزادە هەروەها باسی لە هەڵسوکەوتی شەرمەزارانەی دادوەر ڕەزا نەجەفزادە لە دادگای ئینقلابی ورمێ کردووە. کاتێک خۆی و ١٣ تۆمەتباری دیکە كە باسیان لە ئەشکەنجەدانەکەیان دەکرد، دادوەر نەجەفزادە بە گاڵتەجاڕییەوە ووڵامی دایەوە و ووتی: "چاوەڕوانتان دەکرد کەبابتان پێبدەن؟" ئەم وەڵامە بە بڕوای بەیگزادە ئاماژەیە بۆ نەبوونی سەربەخۆیی قەزایی و ئاسایی بوونەوەی ئەشکەنجە لە سیستەمی قەزایی دا.

ئاسەواری جەستەیی و دەروونییەکانی ئەشکەنجەدان

بەیگزادە لە نامەکەیدا باسی لە برینەكانی جەستەی کردووە کە بەهۆی ئەشکەنجەدانەوە درووست بووە: گوێچکەی چەپی بۆ ماوەی سێ مانگ کەڕ بووە و بەهۆی لێدانی توندی لێکۆڵەرانەوە و پەردەی گوێی دڕاوە. هەوکردنی گوێ و نیشانەکانی لێدانی قاچەکانی هێشتا دیارە.


ئەم بابەتە 55 جار خوێندراوەتەوە