گەشتی ئاسمانی نێوان ھەولێر و سلێمانی دەكرێتهوه
پەیامی کورد ... گەشتی ئاسمانی نێوان ھەولێر و سلێمانی دەكرێتهوه
بەڕێوبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر رایگەیاند، پێشنیاز کراوە کە هەفتەی جارێک گەشتی ئاسمانی لە نێوان ھەولێر و سلێمانی ئەنجام بدرێت و چاوەڕێ دەکرێت دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراق دیراسەی بکات و نرخەکەشی دەستنیشان بکرێت.
ئەحمەد ھۆشیار، ڕایگەیاند ، وەزیری گواستنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا پێشنیازی ئەوەی کردووە، کە گەشتی ئاسمانی لە نێوان ھەولێر و سلێمانی ئەنجام بدرێت و چاوەڕێی ووڵامی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراق دەکەن.
بەڕێوبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر گوتیشی، ئەو جۆرە گەشتانە زۆر باشن و نێوان ھەولێر و سلێمانیش بە فڕۆکە ٢٠ خولەک دەبێت، کە ھەفتانە یەک گەشت دەبێت و ئەگەر گەشتیار ھەبوو زیاتریش دەکرێت.
ھۆشیار باسی لەوەش کرد: "بەغدا لاری نییە و تەنھا چاوەڕێ دەکەین ھێڵی ئاسمانی عێراقی دیراسەی بابەتەکە بکات و داواکاری خۆی پێشکەش بکات، بەڵام ئەم جۆرە گەشتانە بۆ زۆر حاڵەت باشن، بە تایبەت حاڵەتی لەناکاو و لەگەڵ بەغداش گەشتی بەردەواممان ھەیە و ھەفتانە چوار گەشت ئەنجام دەدرێت".
ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە