گەورەترین بەندئاوی جیهان لە لایەن ئەردۆغانەوە بۆ وێرانکردنی کوردستان و دیمۆگرافیای ئەم ووڵاتە درووست کرا
ئەو پڕۆژەیە بە ئامانجى بەرهەمهێنانى ووزە و لە چوارچێوەى پڕۆژەى ڕۆژهەڵاتى باشوور (گاپ) ئەنجام دراوە کە بەردى بناغەکەى لە ساڵى ٢٠٠٨ى زایینى و لە لایەن خودى ئەردۆغانەوە دانرا. بەندئاوەکە لە ساڵى ٢٠١٩ى زایینى کە ئاوى تێدا کۆ کرایەوە و لە ١٩ گوڵاتى ساڵى دواترى دەست بە بەرهەمهێنانى کارەبا کرا، لەو کاتەوە تا ئێستا ٧.٣ ملیار کیلۆواتى لێ بەرهەم هێنراوە کە بەهاکەى دەکاتە ٢٦٢ ملیار دۆلار و ئەو ووزەیەى کە بڕیارە لێى بەرهەم بهێنرێت دەکاتە ١٠% هەموو ووزەى تورکیا و مەبەستى سەرەکى بەندئاوەکەش بۆ بەرهەمهێنانى ٤.١٢ ملیار کیلۆوات ووزەیە لە ساڵێکدا کە بەمەش ئابوورى تورکیا ٣٠٠ ملیۆن دۆلار قازانجى لێ دەکات.
ئەم بەندئاوە لە ڕووى پانتایی و درێژییەوە گەورەترین بەنداوى دونیایە و لە نێو خودى تورکیەش لە دواى بەندئاوەکانى ئاتاتورک و کاراکایا و کەبانێ بە مەزنترین و چوارەمین بەنداو هەژمار دەکرێت کە هەر چوار بەندئاوەکە دەکەونە نێو باکوورى کوردستانەوە. بەرزییەکەى بەندئاوى ئیلیسوو ١٣٥ مەتر و قەبارەکەشى ١٠.٦ ملیار سێجا و پانتاییەکەشى ٣٠٩ کیلۆمەتر دووجایە و بۆ دروستکردنیشى ٢ ملیار دۆلار وەک بوودجە خەرج کراوە.
لە نێو بەندئاوى ئیلیسووشدا چەندین باژێر و دوورگە و سلۆپى و شوێنى نیشتەجێبوون بە پانتایی ١٢١ هەزار هێکتار زەوی درووست دەکرێت کە شێوەیەکى مۆدێڕنى هەیە بۆ ڕاکێشانى گەشتیار بۆ ئەو ناوچە و ووڵاتە و ئاوى بەندئاوەکەش بەدەر لە بەرهەمهێنانى وزە دەتوانێت دەشتە کشتوکاڵییەکانى ناوچەکە دێراو بکات.
کاریگەرییە خراپەکانى بەنداوى ئیلیسوو لەسەر باکوورى کوردستان
بەندئاوى ئیلیسوو کاریگەرى نەرێنى لەسەر ١٠٠ هەزار کەس و خەڵکى ناوچەکە دەبێت، چوونکە خەڵکى ناوچەکە لەسەر کشتوکاڵ و ئاژەڵدارى دەژین و بە بوونى ئەم ئاوەش کارەکانیان لەدەست دەدەن و ناچارن شوێنەکانیان بەجێ بهێڵن و ڕووبکەنە شار و شارۆچکە تورکنشینەکان و بەمەش زمانەکەیان بکەوێتە بەر مەترسى لەبیرکردن و لەبیرچوونەوە.
پڕۆژەکە کاریگەرى لەسەر ١٩٩ گوندى باکوورى کوردستان دەبێت کە لەم ژمارەیە ٨٥ دانەیان بە تەواوى دەکەونە بن ئاو. هەر بە هۆى بەندئاوى ئیلیسوو، لە شارى سێرتى باکوورى کوردستان ٢٠ هەزار کەس و لە شارى باتمان ٢٠ هەزار کەس و لە شارى دیاربەکر ١٠ هەزار کەس و لە شارى مێردین ٢٥٠٠ کەس و لە شڕناخ ٢٥٠٠ کەس ماڵ و حاڵ و ئەرز و کارى خۆى لەدەست دەدات کە بە هەموویەوە دەکاتە ٥٥ هەزار هاووڵاتى و شیمانەى ئەوەش کراوە کە ١٥ هەزاریان کۆچ دەکەن و دەربەدەر و قەلەندەر دەبن.
ـ دەبێتە هۆى بن ئاوکەوتنى مێژوویەکى ١٢ هەزار ساڵە و یەکەمین شوێنى نیشتەجێبوونى مرۆڤ، چوونکە بەندئاوەکە ٢٨٩ شوێنەوارى مێژوویی کورد دەخاتە بن ئاوەوە کە لەبن پاراستنى یاسایی و بنما پارێزەرییەکانى یونسکۆ بوون.
ـ پڕۆژەى بەنداوى ئیلیسوو، ٤٠٠ کیلۆمەتر ڕووبار دەگرێتە خۆى کە ١٣٦ کیلۆمەترى ڕووبارى دیجلەیە و بەمەش ڕووبارەکە نامێنێت و دەبێتە گۆلاو.
ـ پڕۆژەکە دەبێتە هۆى لەنێوچوونى ٢٦٦ جۆرە گژوگیا و نەباتى تایبەت و ١٢٣ جۆر باڵندە لە دەوروبەرى حەسەن کێف لە شارى باتمان و بەمەش نەخۆشى ئینسانى و ژینگەیی بڵاو دەبێتەوە.
ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە