گەورەترین پرد لە هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە

پەیامی کورد     ...   گەورەترین پرد لە هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە

بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا پردی زێی گەورە بە ڕووی ھاووڵاتیاندا بکرێتەوە و بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەش دەڵێ، پردی زێی گەورە، گەورەترین و درێژترین پردە لە ھەرێمی کوردستان و بە کردنەوەی، ئاسانکاری لە ھاتووچۆی ھەرێمی کوردستاندا دەکرێت.

ئاگرین عەبدۆڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ، رایگەیاند: "بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا پڕۆژەی پردی زێی گەورە بە فەرمی بە ڕووی ھاووڵاتیاندا بکرێتەوە، کە دەکەوێتە نێوان ھەردوو پارێزگای ھەولێر و دھۆک و ھەردوو سایدی پردەکە دەکرێنەوە و ھاتووچۆ تێدا ئاسایی دەبێت، کە گەورەترین و درێژترین پردە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان، چوونکە درێژییەکەی دەگاتە ٩٢٨ مەتر".

عەبدۆڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "پردی زێی گەورە، کاریگەری لەسەر کەرتی ھاتووچۆ دەبێت و ئاسانکارییەکی زۆر بۆ ھاووڵاتیان دەکات، چوونکە دەکەوێتە رێگای سەرەکی ھەولێر - دھۆک و رێگایەکی سەرەکیشە بۆ ھەموو ھەرێمی کوردستان، کە پێشتر تەنیا یەک ساید بە ڕووی ھاووڵاتیاندا کرابووەوە و کارکردن لە پڕۆژەکەشدا بەردەوام بوو".


ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە