گەورەترین کۆنفرانسی زانستی ساز دەکرێت
پەیامی کورد ... گەورەترین کۆنفرانسی زانستی ساز دەکرێت
سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی لالش ڕایدەگەێنێت، سبەی لەژێر چاودێری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بە بەشداری ١١ ووڵات و زانکۆکانی ھەرێم و بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان و عێراق و کەسایەتی جیاجیا، گەورەترین کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی تایبەت بە ئێزدییەکان لە پارێزگای دھۆک دەست بە کارەکانی دەکات و ماوەی دوو رۆژیش بەردەوام دەبێت.
سەعید جردۆ، سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی لالش، ڕایگەیاند، لە ژێر چاودێری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گەورەترین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی تایبەت بە ئیزدییەکان ساز دەکرێت، کە مەبەست لێی ناساندنی ئێزدیاتییە وەکو ئایین و کولتوور و مێژوو و جوگرافیا بە جیھان و ڕاستکردنەوەی ئەو ھەڵانەی بەرامبەر بە ئێزدییەکان ووتراون لە لایەن ھەندێک نووسەر و ڕۆژھەڵاتناس، بۆیە لێکۆڵینەوەی زانستی پێشکەش دەکرێن لەبارەی ئێزدیاتی بە گشتی، بۆ ئەوەی ڕاستییەکان دیار بن و کۆمەڵێک ڕاسپاردەش بۆ حکوومەتی ھەرێم و عێراق بەرز دەکرێنەوە، بۆ ئەوەی گرینگی زیاتر بەو پێکھاتە ڕەسەنە بدرێت، تاوەکو زیاتر ڕۆڵی خۆی ببینێت ھاوشێوەی پێکھاتەکانی دیکە بۆ بونیاتنانی ئەم ووڵاتە.
جردۆ ووتیشی، بەستنی ئەو کۆنفرانسە لەژێر چاودێری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و پەیامێکی گرینگە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان فۆکسی زۆری خستووەتە سەر کەیسی ئیزدییەکان، بۆ ئەوەی دووبارە ئەو زوڵم و ستەمەی لێیان کراوە نەمێنێت و ئەوانیش وەکوو پێکھاتەکانی دیکە بگەنە مافە ڕەواکانی خۆیان لە کوردستان و عێراق و ژیانێکی سەرفراز بژین.
ناوبراو باسی لەوەشکرد، سبەی کۆنفرانسەکە دەست پێدەکات و دوو ڕۆژ دەخاێنێت، کە ژمارەیەکی زۆری لێکۆڵینەوە لەلایەن زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان و ١١ ووڵاتی جیھان ئامادە کراون و بەشداری تێدا دەکەن، بۆیە لێکۆڵینەوەکان پێشکەش دەکرێن و گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت و دواتریش لێکۆڵینەوەکان لە پەرتووکێکدا لەلایەن بنکەی لالش چاپ دەکرێن، کە بڕیارە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەشدار بێت و کەسایەتی و بەرپرسانی عێراق و ھەرێمی کوردستانیش بەشداری تێدا دەکەن، کە سبەی کاتژمێر١٠ی بەیانی لە ھۆڵی کۆنفرانسەکان لە دھۆک دەست پێدەکات.
ئەم بابەتە 47 جار خوێندراوەتەوە