گەڕانەوەی ئەم جارەی شاندی هەرێم بۆ گفت و گۆ دەربارەی بوودجە و ڕێکەوتن لە سەر دەقێکی نوێ بە دوو پێشنیازەوە دەبێت
پەیامی کورد ... گەڕانەوەی ئەم جارەی شاندی هەرێم بۆ گفت و گۆ دەربارەی بوودجە و ڕێکەوتن لە سەر دەقێکی نوێ بە دوو پێشنیازەوە دەبێت
سەمیر هەورامی، ووتەبێژی جێگری سەرۆکی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، شاندی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بەغدا بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان لەبارەی پشكی هەرێم لە بوودجەدا و هەردوولا رێككەوتنیان لەسەر دەقێكی نوێ كردوە كە دوو پێشنیار لەخۆدەگرێت.
سەمیر هەورامی بە رۆژنامەی الصباح-ی راگەیاندووە، "بەم نزیکانە شاندی هەرێم دەگەڕێتەوە بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەسەر بەشە بوودجەی هەرێم، هەرێم و بەغدا رێککەوتنێکیان لەبارەی دەقێکی نوێ لە رەشنووسی بوودجەدا کردوە کە دوو پێشنیار لە خۆ دەگرێت و هەرێم ئامادەیە یەکێک لەو پێشنیارانە جێبەجێ بکات کە لەسەری رێککەوتون".
پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژە بوودجەی ٢٠٢١ ی عێراقدا لە ماددەی ١١دا جێگیرکراوە، کە تیایدا هەرێمی کوردستان پابەندکراوە بە رادەستکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لەگەڵ نیوەی داهاتە نانەوتییەکان، لە بەرامبەر وەرگرتنی ١٢.٦٧% پشکی هەرێم لە کۆی بوودجەی عێراق، بەڵام بەشێک لەلایەنەکانی شیعە دژی ئەو بڕگەیە وەستانەوە و دەقێکی دیکەیان خستە سەر مێزی دانووستانەکان.
شەوی ١٩ی ئەم مانگە، شاندی هەرێمی کوردستان و ئەندامانی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی پڕۆژەی بوودجەی گەیشتنە رێککەوتن، کە تیایدا هاتوە، پێویسته ھهرێمی كوردستان لهبهرامبهر وهرگرتنی شایسته داراییهكانی، ٤٦٠ هەزار بهرمیل نهوت له رۆژێكدا رادهستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات، ههروهها ٣٠ هەزار بهرمیل نهوت بۆ كارهبا و ١٨٠ هەزار بهرمیلی دیكهی بۆ تێچوی دهرھێنان، ھهروهھا ٢٠ هەزار بهرمیل بۆ پێترۆدۆلار دهدرێت به ھهرێمی كوردستان.
سەرەڕای ئەوەی سەرجەم پەرلەمانتاران ئاماژەیان بەوەکردبوو، کە پڕۆژەی بوودجەی هیچی نەماوەو بڕیارە لە کۆبوونەوەی رۆژی ٢٠ی ئازار پەسەندبکرێت، بەڵام بەهۆی زیادکردنی بڕگەیەکەوە کۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجامنەدرا و کۆبوونەوەکەی بۆ رۆژی شەممە ٢٧ی ئازار دواخرا.
پهیوهست به هۆكاری پاشگهزبوونهوهی بهشێك له پهرلهمانتارانی لایهنهكانی شیعه لهبارهی ئهو رهشنووسهی كه رێككهوتنی لهبارهوه كراوه، پێشتر خەندان لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردبوو، لە بڕگەی کۆتاییدا رهشنووسهكهدا هاتووه، "ئهگەر ھەرێم نەوتی ڕەوانەی بەغدا نەکرد ئەوا نەفەقاتی تەشغیلی دەبڕدرێت، بەڵام مووچەی فەرمانبەران دەنێردرێت، بهڵام شیعە ئەو بڕگەی گۆڕیوە بهوهی ئەگەر ھەرێم پابەند نەبێت ئەوا ھەردووکی دەبڕدریت"، هەربۆیە نەتوانرا پڕۆژەکە پەسەندبکرێت.
سەرەڕای ئەوەی کە بڕیارە رۆژی شەممە ٢٧ی ئەم مانگە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت و پڕۆژەی بوودجەی پەسەندبکرێت، بەڵام موحەمەد ئیبراهیم، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ماددەکانی پڕۆژەی بوودجە زۆرن و پێناچێت لە یەک دانیشتندا تێپەڕێت، بەتایبەت هەندێک ناکۆکی لەسەر ماددەکانی هەیە، بەتایبەت لەسەر ماددەی ١١ی بوودجە کە تایبەت بە رادەستکردنی نەوت لەلایەن هەرێمەوە لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و رەوانەکردنی پشکی هەرێم لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵەوە.
ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە