ھاوشێوەی ووڵاتانی پێشکەوتوو هاووڵاتیانی هەرێم دەبنە خاوەن پێداویستییەکی گرینگ

پەیامی کورد     ...   ھاوشێوەی ووڵاتانی پێشکەوتوو هاووڵاتیانی هەرێم دەبنە خاوەن پێداویستییەکی گرینگ

ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی ووڵاتە پێشکەوتووەکانی جیھان بیمەی تەندرووستی بۆ ھاووڵاتییان دەردەکات و ئەندامێکی لیژنەی تەندرووستییش دەڵێت، دوای درووستکردنی بیمە، ھاووڵاتییان سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی چارەسەر.

بەختیار شوکری، ئەندامی لیژنەی تەندرووستی پەرلەمانی کوردستان ، ڕایگەیاند: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خەریکی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بیمەی تەندرووستییە بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان و دوای تەواوبوونی، پڕۆژەیاساکە ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت، تا ئێمەش دوای پێداچوونەوە، بیخەینە کارنامەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانەوە.''

ئەندامەکەی لیژنەی تەندرووستی دەشڵێت: "مەبەست لە پڕۆژەکە ئەوەیە کە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی ھاووڵاتییانی جیھان ببنە خاوەن بیمەی تەندرووستی خۆیان و سوودمەند بن لە خزمەتگوزارییە تەندرووستییەکان.''

بەختیار شوکری ڕوونی کردەوە: "نموونەی چەند ووڵاتێک لەبەردەستە بۆ ئەوەی سوودیان لێ وەربگرین لەبارەی چۆنیەتی بیمەکردنی ھاووڵاتییان لە ڕووی تەندرووستییەوە، دوای دەرچوونی یاساکە ئینجا ھاووڵاتییان لە ڕووی تەندرووستییەوە سوودمەند دەبن لە ھەموو خزمەتگوزارییەکانی تەندرووستی ھەر لە نەشتەرگەرییەوە بگرە تا کۆتایی و بە نرخێکی زۆر گونجاو چارەسەر وەردەگرن.''


ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە