ھەر كەس و بازرگانێك نرخی کەل و پەل بەرز بکاتەوە و سەرپێچی بكات، سزا دەدرێت

پەیامی  کورد     ...    ھەر كەس و بازرگانێك نرخی کەل و پەل بەرز بکاتەوە و سەرپێچی بكات، سزا دەدرێت

دوای ھەڵكشانی نرخی دۆلار، گۆڕانكاری بەسەر نرخی ھەموو كەلوپەلەكانی بازاڕدا ھاتووە، بەڕێوبەری گشتی بازرگانیش دەڵێ، چاودێری بازرگانی راسپێردراوە بەدواداچوونی نرخ بكات و ھەر كەس و بازرگانێك سەرپێچی بكات، سزا دەدرێت.

نەوزاد كامل، بەڕێوبەری گشتی بازرگانی، رایگەیاند: "لەگەڵ گۆڕانكاری نرخی دراو، ئێمە لە ھەموو پارێزگا و شار و شارۆچكەكان لیژنەكانی چاودێری بازاڕمان راسپاردوون بەدواداچوونی نرخ بكەن و ھەر شوێنێك نرخ بەرز بكاتەوە بەپێی یاسا سزا دەدەرێت، چوونكە زۆربەی ئەو كەلوپەلانەی ئێستا لە بازاڕن، پێشتر ھاوردەی ھەرێمی كوردستان كراون و ھی ئێستا نین تا گران بكرێن".

بەڕێوبەری گشتی بازرگانی دەشڵێت: "پێویستە ھاووڵاتیانیش ھاوكار بن بە شێوەیەكی بەرچاو روو نەكەنە بازاڕ و ماركێتەكان تا دەرفەت بە بازرگانان نەدرێت بۆ بەرزكردنەوەی نرخ، پێویستە بازرگانانیش ویژدانی خۆیان بەكار بێنن لە قۆناغی ئێستادا و ئێمەیش ئەو كاتە ھاوكار دەبین".

نەوزاد كامل ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئەگەر بێت و نرخی دراوەكان جێگیر بكرێن، ئەوە پێداچوونەوە بە نرخی كەلوپەل دەكەین لە بازاڕ و نرخ جێگیر دەكرێت، بەڵام تا ئەوكاتەی بازاڕی دراو ناسەقامگیر بێت، ناتوانین كار بۆ دیاریكردنی نرخ و چاودێری بازاڕ بكەین، بەڵام دەرفەت بە ھیچ كەسێك نادەین رەوشەكە بۆ گرانفرۆشی بەكار بێنێت".


ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە