"ھەولێر و بەغدا لەسەر پێکھێنانی دوو لیوا بۆ ناوچە کوردستانییەکان رێککەوتن"
پەیامی کورد ... سەرچاوەیەک: "ھەولێر و بەغدا لەسەر پێکھێنانی دوو لیوا بۆ ناوچە کوردستانییەکان رێککەوتن"
بەگوێرەی زانیاری سەرچاوەیەکی ئاگادار، ھەولێر و بەغدا لەسەر پێکھێنانی دوو لیوای ھاوبەش بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم رێککەوتوون.
سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەویست ناوی ئاشکرا بکرێت ڕایگەیاند ، شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد و، گفتووگۆ لەبارەی دروستکردنی دوو لیوای ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ناوچە کوردستانییەکان کراو گەیشتنە رێککەوتن کە دەست بە پێکھێنانی ئەو دوولیوایە بکرێت و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە مەترسییەکانی تیرۆرستان بپارێزن و بۆشایی ئەمنی پڕبکەنەوە.
سەرچاوەکە زانیاری زیاتری ئاشکرا کرد کە، دوو لیواکە لە خانەقین، کەرکووک، مەخموور و ھەندێک شوێنی دیکە جێگیر دەکرێن.
سەرچاوە ئاگادارەکە دەشڵێت، ئەگەر فەرماندەی لیواکە کورد بێت جێگرەکە عەرەب دەبێت، ئەگەر فەرماندەکە عەرەب بێت، ئەواجێگری کورد دەبێت و حکوومەتی عێراقیش مووچەی ئەو دوو لیوایە دەدات، ڕەنگە ھاوپەیمانانیش پێداویستی سەربازیان بۆ دابین بکەن.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە خانەقین و کەرکووک و مەخموور و ناوچەکانی دیکە چوار ژووری ئۆپراسیۆنی ھاوبەش درووستکراون و، ئەو دوو لیوایەش بۆشایی ئەمنی نێوان ھێزی پێشمەرگەو سوپای عێراق پڕ دەکەنەوە.
ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە