یادی ٢٠ ساڵەی دامەزراندنی ڕۆژنامەی "کوردیش گڵۆب" کرایەوە
پەیامی کورد ... یادی ٢٠ ساڵەی دامەزراندنی ڕۆژنامەی "کوردیش گڵۆب" کرایەوە
یەکشەممە لە یەکەمین دیداری کوردیش گڵۆب، کە بەبۆنەی ٢٠مین ساڵەی دامەزراندنی ڕۆژنامەکە لە ژێرناونیشانی (کوردیش گڵۆب، بیست ساڵ ڕاستگۆیی، ڕاڤە و کاریگەری) ڕێکخرابوو.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی ٤ی ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی مەحموود محەممەد، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و د.ھێمن ھەورامی و زاگرۆس فەتاح ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، پارێزگاری ھەولێر، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پ.د.ک، و بەشێک لە بەرپرسانی حکوومی و حیزبی و ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسان، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک لە یادی ٢٠ ساڵەی دامەزراندنی (ڕۆژنامەی کوردیش گڵۆب)، یەکەمین دیداری ڕۆژنامەکەی بە ناونیشانی ( کوردیش گڵۆب، بیست ساڵ ڕاستگۆیی، ڕاڤە و کاریگەری)، بەڕێوەبرد.
سەرەتای دیدارەکە بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدان، سەروەریان (بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی ھەمیشە لەیاد) و بە سروودی نیشتمانی (ئەی ڕەقیب) دەستیپێکرد.
لە ووتاری دەستپێک دا، د. نەزاکەت حوسێن، سەرنووسەری (ڕۆژنامەی کوردیش گڵۆب) ئاماژەی بە ڕۆڵی ڕۆژنامەکە کرد لە ئاستی دەرەوە و سوپاسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی کرد بۆ ئەو پاڵپشتییە بەردەوامەی پێشکەشی (ڕۆژنامەی کوردیش گڵۆب) دەکرێت.
د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، لە گوتەیەکدا وێڕای بەخێرھێنانی میوانان، ئاماژەی بە ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد لەبارەی بەرەوپێشبردنی دۆخی ڕۆژنامەگەری و ئاماژەی بەوەدا وەک چۆن پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەنی یەکەمین ڕۆژنامەی بەردەوامی سیاسیی کوردییە، لەھەمان کاتدا ٢٠ ساڵ لەمەوبەر درکی بە گرنگی ھەبوونی میدیای کوردی کردووە بە زمانی بیانی.
بەشێکی گرنگی دیدارەکە بەڕێوەچوونی پانێڵێک بوو بە ناونیشانی (ڕۆژنامەگەری لە ھەرێمی کوردستان بە زمانی بیانی).
ئەم بابەتە 26 جار خوێندراوەتەوە