یاسادانەنەرێکى بەریتانى: بۆ پشتیوانى خەڵکى ئێران پێویستە سوپا لە پێرستى ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان نەبرێتە دەرەوە
پەیامی کورد ... یاسادانەنەرێکى بەریتانى: بۆ پشتیوانى خەڵکى ئێران پێویستە سوپا لە پێرستى ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان نەبرێتە دەرەوە
دەیڤید ئاڵتۆن، نوێنەرى پەرلەمانى پیاوماقووڵانى بەریتانیا لە ووتارێک کە بۆ ماڵپەڕی "کریتیک" نووسیویەتى، دەڵێت:لەو کاتەى کە خەڵکى ئێران گیانى خۆیان خستووەتە مەترسى و ڕژاونەتە سەر شەقام، لانەبردنى سوپاى پاسداران لە نێو لیستى ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، نەک هەر لە بەرژەوەندى ئاسایشى ڕۆژئاوایە، بەڵکوو هیواش دەبەخشێتە خەڵک.
لە دوو حەفتەى ڕابردوو، ئێران پانتایی ناڕەزایەتى و خۆپێشاندانە دژە دەسەڵاتییەکان بووە.
لەم دۆخەدا جێگەى پێشبینى بوو کە سوپاى پاسداران بە "سەرکوتى وەحشیانە" و "کوشتارى خۆپێشاندەران" کاردانەوە بنوێنێت.
لە نۆڤەمبەرى ٢٠١٩، دواجار کە خۆپێشاندان لەم ئاستە گەورەیە ئەنجام درا، سوپا ئەنتەرنێتى پچڕلاند و ١٥٠٠ کەسى کوشت.
کۆمەڵگەى نێونەتەوەیی لەو کاتەوە تا ئێستا خۆى بواردووە لە لێپرسینەوە لەو کوشتارە.
هەر لەسەر ئەم بنەمایەش مەترسى "دووبارەبوونەوەى مێژوو" هەیە لەم دۆخەى ئێستا.
تەنانەت خراپتر لەوەش، کەم و زۆر لە هەندێک ئاراستەوە پێشنیارگەلێک بە کۆشکى سپى دەبیسترێت لەسەر ئەوەى کە سوپاى پاسداران کە هۆکارى سەرەکى کۆمەڵکوژییەکەى ساڵى ٢٠١٩ بوو، بەرامبەر ژیانەوەى بەرجام لە نێو لیستى ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانى ئەو وڵاتە دەری بکات.
ئاشکرایە کە پێشینەى ڕژێمى ئێران ژیاندنەوەى ڕێککەوتنى ئەتۆمی، هەڵوەشاندنەوەى گەمارۆکان نییە، بەڵکوو کرانەوەى دەستى "ناوەندە سەرکوتکەر"ەکانى خۆیەتى وەک سوپاى پاسداران.
دەوڵەتى ئەمریکا دەبێت بۆ یەک و بۆ هەمیشە ئەمە بە ڕژێمى ئاخوندى بڵێت و ڕایبگەیێنێت کە سوپاى پاسداران لە نێو لیستى ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەمێنێتەوە.
وەها کارێک "پەیامێکى شێلیگراوە و لە کاتى خۆیەتى" بە خەڵکى ئێران کە هەمیشە قوربانیی سەرەکى "دڕندەیی" سوپاى پاسداران بوونە.
بەم پەیامەش، بەهێزکەرى ڕۆح و بوێرى خۆپێشاندەرە ئازاکانە کە هەموو ڕۆژ بەرامبەر ڕژێمى ئایەتوڵاکان گیانیان دەخەنە مەترسییەوە.
لە کۆتاییەکانى ساڵى ٢٩١٧ى زایینى بە شێوەیەکى بەربڵاو دەرکەوتووە کە زۆرینەى خەڵکى ئێران خوازیارى گۆڕینى ڕژێمن لە ووڵاتەکەیان.
تەنانەت بۆ ئەم ئامانجەش ئامادەن گیانیان بخەنە مەترسییەوە.
دەستى ڕەتکردنەوە بە سینگى سوپاى پاسداران، هەم هاوکارى خەڵکى ئێران دەکات و هەمیش لە بەرژەوەندى ئاسایشى ڕۆژئاوایە.
ئەم بابەتە 11993 جار خوێندراوەتەوە