یه‌كێتى هه‌ڵوێستى خۆى ئاشكرا ده‌كات
پەیامی کورد ... یه‌كێتى هه‌ڵوێستى خۆى ئاشكرا ده‌كات
یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان ڕای خۆى له‌باره‌ى پرۆسه‌ى سیاسیی ئێستاى عێراقه‌وه ئاشكراده‌كات‌و سه‌رۆكى فراكسیۆنى ئه‌و حزبه‌ش له په‌رله‌مانى عێراق ده‌ڵێت:"ڕاى ئێمه لەگەڵ ڕای چوارچێوەی هەماهەنگییە"، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "له‌سه‌ره‌تاوه هه‌تا ئێستاش ئێمه هیچ شتێكمان واژۆنه‌كردوه له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی".
هەرێم کەمال ئاغا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق ئاشكرای ده‌كات، "ڕای یەکێتی لەگەڵ ڕای چوارچێوەی هەماهەنگییە سەبارەت بەهەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان‌و دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکان".
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی بۆ دەنگی ئەمریکا ده‌ڵێت:"ڕه‌وتی سه‌در ئه‌گه‌ر بیه‌وێت په‌رله‌مان هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته بكرێت ئه‌مانه میكانیزمی ده‌ستووری هه‌یه، ناكرێت ئه‌مانه هه‌مووی پێشێلی ده‌ستوریی بكرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی لایه‌نێكی سیاسی ده‌یه‌وێت ئه‌مه كارێكه گونجاو نییه".
ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، "په‌رله‌مانی عێراق شوێنه‌كه‌ی گونجاو نه‌ماوه بۆ دانیشتنی په‌رله‌مان، ئێستا هه‌رێمی كوردستان له‌وانه‌یه ئارامترین شوێن بێت بۆ به‌ستنی دانیشتنه‌كانی پەرلەمانی عێراق".
به ووته‌ى هه‌رێم كه‌مال ئاغا، "هه‌ندێک ڕێكارو میكانیزمی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته هه‌یه چ وه‌كوو بوودجه‌و چ وه‌كو یاسا ئه‌مه پێویستی به‌حكوومه‌تێكی ده‌نگ پێدراوو متمانه پێدراو هه‌یه ئه‌م حكوومه‌ته‌ی كه هه‌یه حكوومه‌تێكی كاربه‌ڕێكه‌ره ئه‌م ده‌سه‌ڵاته یاسایی نییه".
سه‌باره‌ت به‌ڕێكه‌وتن و واژوو كراوى یه‌كێتى و چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى، هه‌رێم كه‌مال ئاغا جەخت ده‌كاته‌وه، "له‌سه‌ره‌تاوه هه‌تا ئێستاش ئێمه هیچ شتێكمان واژوو نه‌كردوه له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی".
ئەم بابەتە 11994 جار خوێندراوەتەوە