یەکیتی ئەورووپا: راپۆرتی هەڵسەنگاندنی تیمی چاودێرانی یەكیتی ئەورووپای ئاشکرا کرد
سەرۆکی نێردەی یەکیتی ئەورووپا بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا لە بەغدا راپۆرتی هەڵسەنگاندنی تیمی چاودێرانی یەكیتی ئەورووپای ئاشکرا کرد و تیایدا رایگەیاند، پڕۆسەکە لەرووی تەکنیکییەوە بەشێوەیەکی باش بەڕێوەچوو.
ڤیۆلا ڤۆن کرامۆن، سەرۆکی نێردەی یەکیتی ئەورووپا بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق روونیكردهوه، ماوەی بانگەشەی ههڵبژاردن بەشێوەیەکی ئارام بەڕێوەچوو، ئەمەش بەمەبەستی رەخساندنی هەلێك بۆ ئەوەی دەنگدەر بەشێوەیەکی ئازادانە بڕیاری خۆی بدات.
ئاشكراشی کرد، لە رۆژی هەڵبژاردندا زیاتر لە 100 چاودێریان لەسەرانسەری ووڵات سەردانی بنکە و وێستگەکانی دەنگدانیان کرد و بەگوێرەی راپۆرت چاودێرەکانیشیان لە زۆربەی ناوچەکان پڕۆسەی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی ئارام و بەیاسایی بەڕێوەچوو.
ڤیۆلا ڤۆن کرامۆن ووتی: یەکیتی ئەورووپا بۆ یەکەمین جار و لەسەر داوای کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق تیمێکی تایبەتی گەورەی بۆ عێراق رەوانە کرد، بەمەبەستی چاودێریکردنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران، کە لە 10ی ئۆکتۆبەر بەڕێوەچوو.
ووتیشی: ئێمە وەکوو تیمی چاودێرانی یەکیتی ئەورووپا راپۆرتێکی هەڵسەنگاندنی هەڵبژاردنەکانمان لەسەر پڕۆسەکە ئامادە کردووە، کە پڕۆسەکە لە رووی تەکنیکییەوە بەشێوەیەکی باش بەڕێوەچوو، هەروەها پڕۆسە و ماوەی بانگەشەش بەشێوەیەکی ئارام بەڕێوەچوو ئەمەش بەمەبەستی رەخساندنی هەلێك بۆ ئەوەی دەنگدەر بەشێوەیەکی ئازادانە بڕیاری خۆی بدات.
سەرۆکی نێردەی یەکیتی ئەورووپا بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردن ئاماژهی بهوه كرد، ستایشی عێراق و گەلەکەی دەکەم بۆ ئەنجامدانی ئەو پڕۆسە ئارامە. دەنگدەرانیش توانیان بەشێوەیەکی ئازادانە بۆچوونی خۆیان دەرببڕن. نوێنەر کیانە سیاسییەکان و چاودێرانی ناوخۆییش لە بنکەکانی دەنگدان ئامادە بوون و پڕۆسەی دەنگدان و رێکارەکانیش بەشێوەیەکی فراوان جێبەجێکران.
ڤیۆلا ڤۆن کرامۆن جهختی لهوه كردهوه، بەشێوەیەکی گشتی پڕۆسەی دەنگدانەکە بە پۆزەتیڤی وەسف کرا و چاودێرانیشمان سەردانی 95%ی بنکەکانیان کردبوو، بەڵام لە هەندێك حاڵەتدا پڕۆسەکە ئاڵۆزکرا، بەهۆی کارنەکردنی ئامێری پەنجەمۆر و نەخوێندنەوەی، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەك هاووڵاتی لە مافی دەنگدان بێبەش بن. چاودێرەکانیشمان بەهەمان شێوەی کۆمیسیۆن رێژەی بەشداریکردنیان بە کەم وەسف کردووە.
ئەم بابەتە 12003 جار خوێندراوەتەوە