یەکیتی بەڵێندەران سەبارەت بە پەسەند کردنی بوودجە ڕای خۆیان ڕادەگەێنن

پەیامی کورد     ...     یەکیتی بەڵێندەران سەبارەت بە پەسەند کردنی بوودجە ڕای خۆیان ڕادەگەێنن 

بەڕێوبەری پەیوەندییەكانی یەكیتی بەڵێندەران دەڵێ: "دوای پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بوودجە، ئومێدێكی زۆرمان ھەیە جارێكی دیكە بەڵێندەران بكەونەوە كار، چوونكە لە ماوەی ڕابردوودا بە ھۆی قەیرانی دارایی و كۆرۆناوە، كاری ئێمە لاواز ببوو، بەڵام پەسەندكردنی بوودجە، ئومێد بەخشە و سەرۆكی حكوومەتیش گرینگی بە بەڵێندەران دەدات، لەبەر ئەوەی ئامانجی حكوومەتی ھەرێم، ئابوورییەكی بەھێزە بۆ ھەرێمی كوردستان".

بەشار عەلی ووتی: "پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بوودجە و جێگیركردنی پشكی ھەرێمی كوردستان لەو پڕۆژەیاسایەدا بە ھەوڵی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، جێگەی دڵخۆشییە بۆ بەڵێندەران و دەبێتە ھۆی ئەوەی جارێكی دیكە بەڵێندەران دەست بە كار و پڕۆژە بكەنەوە و حكوومەت پارەیان بۆ خەرج بكات، چوونكە لە ماوەی ڕابردوودا بە ھۆی كۆرۆنا و قەیرانی داراییەوە، بەڵێندەران دۆخیان خراپ بوو و كارەكەیان لاواز ببوو".

عەلی ووتیشی: "پەسەندكردنی بوجە، ئومێدبەخشە بۆ بەڵێندەران و ئومێدێكی زۆر ھەیە جارێكی دیكە بكەوینەوە كار، بە تایبەت كە بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان خەرج بكرێت، كە بڕیارە خەرج بكرێت، چوونكە پێشتر دۆخەكە ئاسایی نەبووە، بەڵام ئێستا ھیوایەكی باش ھەیە".

ناوبراو باسی لەوەش كرد: "راستە بەڵێندەران قەرزیان لای حكوومەت ھەیە، بەڵام گەر كار ھەبێت و پارەش لای حكوومەت بێت، كێشە درووست نابێت، ئەوەی گرنگە كار ھەبێت بۆ بەڵێندەران، بۆیە پلانێكی باش ھەیە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەكان و پلانی ئێمەش پەیوەستە بە پلانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە، بۆیە ئێمە ئامادەین بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەكان ھەر كاتێك حكوومەت داوا بكات".

دەشڵێ: "ئومێدێكی زۆرمان بە سەرۆكی حكوومەت ھەیە، كە گرینگی بە بەڵێندەران دەدات، چوونكە ئامانجی حكوومەتی ھەرێم، ئابوورییەكی بەھێزە بۆ ھەرێمی كوردستان".


ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە