یەکیتی   : ناوی مام جەلال لە لای ئێمە هێڵی سوورە 

پەیامی کورد      ...   یەکیتی   : ناوی مام جەلال لە لای ئێمە هێڵی سوورە 

لەسەر هێنانی ناوی مام جەلال تاڵەبانی، سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق لەلایەن شیرین ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان و تۆمەتبارکردنی بە ئازادکردن ئەو فڕۆکەوانەی کیمیابارانی هەڵەبجەی کردووە، گرژی لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەماندا درووستبوو.

لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا کە تایبەت بو بە کێشەکانی پارێزگای هەڵەبجە، شیرین ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان وتی، "ئەو فڕۆکەوانەی کیمیابارانی هەڵەبجەی کردوە لەلایەن جەلال تاڵەبانییەوە ئازادکراوە". 

شەمۆڵ ئاشتی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، لەسەر وتەی ئەو پەرلەمانتارە فراکسیۆنی یەکێتی ناڕەزایی دەربڕیوە و بەوهۆیەوە کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ ماوەیەک راگیراوە، چونکە فراکسیۆنی یەکێتی داوایکرد ئەو پەرلەمانتارە لەکۆبوونەوەکە "بکرێتەدەرەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "بەلای ئێمەوە مام جەلال هێڵی سوورە، چوونکە لە نەبوونی ئەودا دەبینین چ بۆشاییەکی سیاسی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا درووستبووە".

ئەندامەکەی فراکسیۆنی یەکێتی ئەوەشی خستەڕوو، دوای درووستبوونی گرژییەکانیش داوایانکرد شیرین ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان  "لە کۆبوونەوەکە بکرێتە دەرەوە و لەئێستادا بەبێ ئامادەبوونی ئەو پەرلەمانتارە کۆبوونەوەکە بەردەوامی هەیە".

ئەمڕۆ سێشەممە لە ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا پەرلەمانی کوردستان کۆبوەوە و پرسی كێشەو گرفتەكانی پارێزگای هەڵەبجە تاوتوێ دەکات، لەکۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک وەزیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەبوون.


ئەم بابەتە 11997 جار خوێندراوەتەوە