یەکەمین دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێ‌کرد
كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر زه‌نگی چوونه‌ژوره‌وه بۆ هۆڵی په‌رله‌مانی عێراق لێدرا و تا ئێستا زیاتر له ١٥٠ په‌رله‌مانتار له هۆڵه‌كه ئاماده‌ن و كۆبوونه‌وه‌كه ده‌ستیپێكرد.
بۆ ده‌ستپێكردنی یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق، كاتژمێر ٣:٣٠ خوله‌كی عه‌سری ئه‌مڕۆ زه‌نگی چوونه‌ژوره‌وه بۆ هۆڵی په‌رله‌مانی عێراق لێدراو مەحموود مەشهەدانی، كه ئه‌مڕۆ وه‌ك به‌ته‌مه‌نترین كاندیدی سه‌ركه‌وتوو سه‌رۆكایه‌تی كۆبونه‌وه‌كه ده‌كات داوا له نوێنه‌رانی سه‌ركه‌وتوو ده‌كات بچنه هۆڵی په‌رله‌مان.
دوای ئه‌وه‌ی نوێنه‌رانی سه‌ركه‌وتوو له هۆڵی په‌رله‌ماندا ئاماده‌بوون، كۆبوونه‌وه‌كه ده‌ستیپێكرد، بڕیاره ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانتاران سوێندنی یاسایی بخۆن و ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێن.
كاندیدی سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌لایه‌ن دوو گه‌وره‌ترین لایه‌نی سوننی دیاریكراوه، كه پیكهاتوون له هاوپه‌یمانی ته‌قه‌دوم و عه‌زم ئه‌ویش موحه‌مه‌د حه‌لبووسی-یه، به‌ڵام تا ئێستا لایه‌ن شیعه نه‌گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتن بۆ دیاریكردنی پۆستی جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان، بۆ ئه‌ومه‌به‌سته ره‌وتی سه‌در حاكم زاملی و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ئه‌حمه‌د ئه‌سه‌دی كاندید كردوه.
كاروان یاروه‌یس، نوێنه‌ری سه‌ركه‌وتووی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان بۆ په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند، "تا ئێستا لایه‌نه‌كان نه‌گه‌یشتونه‌ته رێككه‌وتن، ئه‌گه‌ر نه‌گه‌نه رێككه‌وتن پێده‌چێت ئه‌مڕۆ ته‌نها بڕگه‌ی سوێندخواردن جێبه‌جێ بكرێت و بڕگه‌ی هه‌ڵبژاردن دوابخرێت و كۆبوونه‌وه‌كه به كراوه‌یی بهێڵدرێته‌وه، ره‌وتی سه‌در ده‌یانه‌وێت كۆبوونه‌وه‌كه بكرێت و چوارچێوه‌ی هه‌مانگی داوای دواخستنی ده‌كه‌ن، سوننه‌كانیش به‌هۆی ئه‌وه‌ی كاندیدیان ئاماده‌یه و گه‌یشتونه‌ته رێككه‌وتن ده‌یانه‌وێت كۆبوونه‌وه‌كه بكرێت".
له‌باره‌ی ئایا وه‌كوو یه‌كێتی ده‌نگ ده‌ده‌ن به كاندیدی پۆستی جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق، كه پارتی شاخه‌وان عه‌بدۆڵڵای دیاریكردوه بۆ ئه‌و پۆسته، كاروان یاروه‌یس ووتی، "چاوه‌ڕوانی رێككه‌وتنه‌كەمانین و ئه‌و بڕگه‌یه ماویه‌تی و هه‌ركاتێك كۆبوونه‌وه‌كه ده‌ستیپێكرد ئه‌وكات ئاڕاسته ده‌كرێین، بڕیاری مه‌ركه‌زی ئێمه هه‌رچی بێت ئه‌وه جێبه‌جێ ده‌كه‌ین".
ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە