یەکەمین کۆنفڕانسی نەتەوەیی "مەریوان ناسی" لە شاری مەریوان سەر بە پارێزگای " سنە " بەڕێوە چوو

پەیامی کورد    ...   یەکەمین کۆنفڕانسی نەتەوەیی "مەریوان ناسی" لە شاری مەریوان سەر بە پارێزگای " سنە " بەڕێوە چوو

کۆنفڕانسی نەتەوەیی مەریوان ناسی کە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٩ی دیسەمبەری ٢٠٢١ بەرامبەر بە ١٨ی سەرماوەزی ١٤٠٠ لەلایەن ئەنجوومەنی ئەدەبی مەریوان و بە بەشداری بەرچاوی توێژەران و نووسەران و خەڵکی شاری مەریوان و کوردستانی باشوور دەستی پێ کرد، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٩ی سەرماوەز کۆتایی پێ هات.

لەو کۆنفڕانسەدا نووسەرانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژهەڵات و باشوور ، زیاتر لە ٢٠ توێژینەوەی جۆراوجۆر لەبارەی مێژوو، کولتوور و پێگەی فەرهەنگی و لایەنە جیاجیاکانی شاری مەریوان پێشکەش کرد.

بە ووتەی بەڕێوبەرانی کۆنفڕانسی مەریوان ناسی، ئەم کۆنفڕانسە دوو ئامانجی سەرەکی هەیە: "یەکەمیان دووبارە ناسین و دووبارە خوێندنەوەی مەریوان لە هەموو بوارەکان و دووەمیان ناساندنی ئەم شارەیە بە دەرەوە".

"فاتێح مستەفایی" بەڕێوبەری کۆنفڕانسی مەریوان ناسی لەم بارەیەدا بە ماڵپەڕی "هاژە"ی وتبوو: "کۆنفڕانسی مەریوا‌ن ناسی لە دوو ساڵ لەمەوبەر بەرنامەی بۆ داڕێژراوە کە بەڕێوە بچێت، بەڵام لەبەر تەشەنەسەندنی پەتای کۆرۆنا بەڕێوەبردنی دوا خرا".

"مستەفایی" باسی لەوە کردبوو: "سەرەتا لێژنەیەکی زانستی بۆ تاوتوێی تەوەر و بابەتەکان پێک هات، بانگهێشتی زانایانی ئەم بوارە کرا تا لەسەر هەڵبژاردنی بابەتەکان بڕیار بدەن. ۵۵ ووتاری زانستی دەربارەی مێژوو، کۆمەڵایەتی، ئاو و خاک و ئابووری مەریوان بۆ دەبیرخانەی ئەم کۆنفڕانسە هات و لە کۆتاییدا ٢٢ ووتار وەرگیرا."

لەم کۆنفڕانسەدا کتێبی کۆنفڕانسی مەریوان ناسی کە بریتییە لە سەرجەم ووتارەکانی کۆنفڕانس بڵاو کرایەوە و دەتوانێت سەرچاوەیەکی زانستی باش بێت بۆ کەسانی لێکۆڵەر.

لە پەراوێزی کۆنفڕانسی مەریوان ناسی دا پێشانگای وێنە کۆنەکانی شاری مەریوان و پێشانگای پەیکەرە دارینەکانی هونەرمەند "عومەر پزیشک" لە هۆڵی نیگارخانەی شاری مەریوان بە بەشداری بەڕێوبەران و میوانانی کۆنفڕانس کرایەوە.


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە