یەکەم باری گازی شلی ئەمریکا گەیشتە ئاڵمانیا

پەیامی کورد  ...  یەکەم باری گازی شلی ئەمریکا گەیشتە ئاڵمانیا

بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی وەستانی هەناردەکردنی گازی رووسی درووستیکردووە، یەکەم باری ئاسایی گازی سرووشتی شل لە ئەمریکاوە سێشەممە گەیشتە ئاڵمانیا.

تانکەری ماریا ئینێرژی گەیشتە بەندەری ویلهێلمز هێڤن لە دەریای باکوور، کە گازەکە لە جۆری LNG دەگۆڕێت بۆ گاز لەو وێزگە تایبەتەی مانگی ڕابردوو لەلایەن ئۆلاف شۆڵتز، ڕاوێژکاری ئاڵمانیاوە کرایەوە.

ئاڵمانیا دوای لەشکرکێشی مۆسکۆ بۆ سەر کیێڤ، پەلەی کرد بۆ گەڕان بەدوای جێگرەوە بۆ دابینکردنی گازی ڕووسی، دامەزراوەی ویلهێلمز هێڤن یەکێکە لەو دامەزراوانەی بۆ کاتی کەمی ووزە بەکاردەهێندرێت.

ئاژانسی ئەسۆشەێتێد پرێس بڵاویکردەوە، ئاڵمانیا بەشێوەیەکی کاتی وێستگەکانی کارەبای نەوت و خەڵوزی چالاک کردووەتەوە و تەمەنی سێ وێستگەی ئەتۆمی دیکەی تا ناوەڕاستی مانگی نیسان درێژکردووەتەوە.

یەدەکی دامەزراوەکانی هەڵگرتنی گاز لە ئاڵمانیا لە سەرەتای ئەمساڵدا بۆ زیاتر لە سەدا ٩٠ بەرزبووەوە، چوونکە پلەی گەرمی بەرز و نائاسایی لە زۆربەی ناوچەکانی ئەورووپای ناوەڕاست بووە هۆی دابەزینی خواست لەسەر گاز.

لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوودا، کۆمیسیۆنی ئەورووپا ڕایگەیاند، "پلانی پشتگیری ووزەی نوێبووەوەی پەسەند کردووە کە بە بڕی ٢٨ ملیار یۆرۆ (٢٩.٦٩ ملیار دۆلار) لەلایەن ئاڵمانیاوە پێشکەشکرا بە ئامانجی خێراکردنی فراوانکردنی ووزەی با و خۆر.

ئەم پلانە جێگەی ئەو پلانەی ئێستا دەگرێتەوە بۆ پشتگیریکردنی ووزەی نوێبووەوە و تا ساڵی ٢٠٢٦ کارا دەبێت.

مەبەست لەم پلانە بەدیهێنانی ئامانجی ئاڵمانیایە کە تا ساڵی ٢٠٣٠ لەسەدا ٨٠ی کارەبای ووڵاتەکەی لە سەرچاوە نوێبووەکانەوە بەرهەم بهێنێت.

کۆمیسیۆنی ئەورووپا ڕایگەیاندووە، پلانەکە "پێویست و گونجاوە" بۆ هاندانی بەکارهێنانی ووزەی نوێبووەوە و کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی کە هەسارەی زەوی گەرم دەکات.

مارگریت ڤێستاگەر، کۆمیساری یەکێتی ئەورووپا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "پلانی یاسای ووزەی نوێبووەوەی ئاڵمانیا بۆ ساڵی 2023 بەشدار دەبێت لە خێراکردنی بێکاربۆنکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا".

فراوانکردنی بەرهەمهێنانی ووزەی پاک، زۆر گرینگ دەبێت بۆ گەیشتنی ئاڵمانیا بە ئامانجەکەی کە تا ساڵی ٢٠٤٥ دەردانی گازی گەرم خانەیی سفر دەکاتەوە، هەروەها پڕکردنەوەی بەشێک لەو بۆشاییەی دابینکردنی وزە کە ڕووسیا ئەمساڵ زۆربەی بۆ ئەورووپا راوەستاند.


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە