یەکەم هەنگاوی هاوبەشی نێوان ئەمریکا و سووریا کەوتە واری جێبەجێ کردن

پەیامی کورد   ...   یەکەم هەنگاوی هاوبەشی نێوان ئەمریکا و سووریا کەوتە واری جێبەجێ کردن

سووریا و ئەمریکا یەکەم هەنگاوی هاوکاری فەرمی خۆیان ڕاگەیاند، كە دیمەشق بەڵێنی داوە یارمەتی واشینتۆن بدات لە دۆزینەوەی شوێنی هاووڵاتیانی ئەمریکی وونبوو لەسەر خاکەکەی. ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەمریکا دەستی بە سووکكردنی سزاكانی سەر دیمەشق كردوە و ئەو هەنگاوە نوێیەش ئاماژەیە بۆ باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو ووڵات دوای 10 ساڵ لە پچڕانی.
تۆم باراك، نوێنەری تایبەتی سه‌رۆكی ئەمریکا بۆ سووریا یەكشەممە لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە پلاتفۆڕمی "X" بڵاویكردەوە، حکوومەتی نوێی سووریا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر هاوکاریکردنی ئەمریکا لە دۆزینەوە یان گەڕاندنەوەی پاشماوەی ئەو هاووڵاتیە ئەمریكی یانەی كە لەسەر خاكەكەی وونبوون. لەوانە ئۆستین تایس، کایلا مۆلەر و مەجد کەمالماز.

یەکێک لە دیارترین ئەو كەسانەی كە جێی سەرنجی لایەنی ئەمریکیە، ڕۆژنامەنووس ئۆستین تایسە کە لە ساڵی 2012 و لە کاتی ڕووماڵکردنی ڕووداوەکانی نزیک دیمەشق لە سووریا ڕفێندرا. لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەکی پشتڕاستکراوە سەبارەت بە چارەنووسی نیە، سەرەڕای سەردانی دایکی بۆ پایتەختی سووریا و بینینی ئەحمەد شەرع، سەرۆكی سووریا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر.
هەروەها دۆسیەی کایلا مۆلەر، ئەو كارمەندە مرۆییەی لە ساڵی 2013ـدا لە شاری حەلەب لەلایەن داعش ەوە ڕفێندرا، تا ئێستاش مشتومڕێکی زۆری لەسەرە. داعش لە ساڵی 2015 کوژرانی ئەو هاووڵاتیە ئەمریكیەی لە هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر شاری ڕەققە ڕاگەیاند، بەڵام واشینتۆن گومانی لە ڕاستی ئەو بابەتە هەیە.

سەبارەت بە مەجد کەمالماز، چارەسەرکاری دەروونی کە هاووڵاتییەکی ئەمریکی بە ڕەچەڵەک سووری یە، دوای ئەوەی لە ساڵی 2017 لە خاڵێکی پشکنینی دیمەشق ڕاگیرا، دیار نەما، کە کاری پێشکەشکردنی پاڵپشتی دەروونی بۆ قوربانیانی شەڕ و ململانێکان دەکرد. هەندێک لە ڕاپۆرتە پشتڕاست نەکراوەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە لە زینداندا گیانی لەدەستداوە.

بە ووتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری سووری، 11 کەسی دیکە کە دوو ڕەگەزنامەی سووری-ئەمریکییان لە لیستی واشینتۆن دا هەیە، ئەوەش ئاڵۆزی ئەو پرسە و پەیوەندییەکەی بە لایەنە یاسایی و مرۆیی یەکانەوە نیشان دەدات.


ئەم بابەتە 41 جار خوێندراوەتەوە