یەکەم ژووری ئۆپراسیۆنی ھاوبەش لەم شوێنە درووست کرا

پەیامی کورد      ...    یەکەم ژووری ئۆپراسیۆنی ھاوبەش لەم شوێنە درووست کرا

دوای بڕیاردان لەبارەی درووستکردنی چوار ژووری ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لە ناوچە کوردستانییەکان، یەکەم ژووری ئۆپەراسیۆن لە شاری خانەقین دروست کرا، بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێ، درووستکردنی ژوورەکان دەستی پێکردووە و لە چەند ھەفتەی داھاتوودا تەواو دەکرێن.

ئەکبەر حەیدر، جێگری بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی لە خانەقین، ڕایگەیاند : وەکو یەکەم ھەنگاو ژووری ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی ھێزی عێراقی و هێزەکانی پێشمەرگە لە خانەقین درووست کرا، کە ژوورەکە لە ١٠ کەس لە ھەردوولا پێک ھاتووە و ئێستا کاری خۆیان دەکەن.

حەیدەر ووتیشی، ئەمە ھەنگاوێکی گرنگە بۆ ئەوەی بتوانن لە ھەر شوێنێک بۆشایی ئەمنی یان جموجۆڵی داعش هەبێت، ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش ئەنجام بدرێت و ئەو مەترسییەی لە ناوچەکەدا ھەیە، نەمێنێت.

لای خۆشیەوە، عەمید عوسمان ریشە، بەڕێوبەری گشتیی ڕاگەیاندن و ھۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، دروستکردنی ژوورە ھاوبەشەکان دەستی پێکراوە کە پێشتر ئەوانەی ھەولێر و بەغدا دروست کراون و ئەوانەی ئێستاش ھەر چواری کە دەستبەکار بوون، پلانیان دەبێت بۆ ئەوەی ناوچەکە بپشکنن و ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لەو ناوچانە ئەنجام بدەن.

عەمید عوسمان باسی لەوەش کرد، لە ماوەی چەند ھەفتەی داھاتوودا دروستکردنی ھەر چوار ژووری ھاوبەش تەواو دەبێت و کاری خۆیان دەکەن.


ئەم بابەتە 11996 جار خوێندراوەتەوە