9 پڕۆژەی ڕێگاوبان لە ھەولێر جێبەجێ دەکرێت

پەیامی کورد     ...      پڕۆژەی ڕێگاوبان لە ھەولێر جێبەجێ دەکرێت

بەڕێوبەری چاککردنەوەی ڕێگاوبانی ھەولێر ووتی، لە چوارچێوەی ئەو پارەیەی بۆ پارێزگای ھەولێر تەرخان کراوە، زیاتر لە ٢ملیار دینار بۆ ٩ پڕۆژەی چاککردنەوەی ڕێگاوبان تەرخان کراوە و ڕەزامەندی لەسەر دراوە و ئێستا ڕێکارەکان بۆ جێبەجێکردنی دەگیرێتە بەر.

عیماد موحەمەد، بەڕێوبەری چاککردنەوەی ڕێگاوبانی ھەولێر، ڕایگەیاند : "لە سنووری پارێزگای ھەولێر بەگومەژی زیاتر لە دوو ملیار دینار بە شێوەی بەڵێندەرایەتی ٩ پڕۆژەی ڕێگاوبان لە بواری چاککردنەوە جێبەجێ دەکرێت و دەست بە ڕێکارەکانی جێبەجێکردنیان کراوە.''

عیماد موحەمەد ووتیشی: "ئەو پڕۆژانەمان بەسەر ھەموو قەزا و ناحیەکاندا دابەش کردووە لە سنووری پارێزگای ھەولێر و ڕێکارەکان تەواو بن دەست بە جێبەجێکردنیان دەکرێت، چوونکە حکوومەت ڕەزامەندی لەسەر داوە و ئەو گوژمە پارەیەی بۆ تەرخان کراوە و ئەو ڕێگاوبانانەی پێویستیان پێی ھەبێت، نۆژەنیان دەکەینەوە."

موحەمەد باسی لەوەش کرد: "تەرخانکردنی ئەو پارەیەش لە چوارچێوەی ئەو ٢٨ملیار دینارەیە کە بۆ پارێزگای ھەولێر تەرخان کراوە و پشکی ئێمەشی لێ دەدرێت."

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پارەی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە بۆ ھەموو پارێزگاکان لە ھەرێمی کوردستان تەرخان کردووە، لەوانەش پارێزگای ھەولێر کە پشکەکەی ٢٨ملیار دینارە و بەسەر ھەموو کەرتەکاندا دابەش کراوە.


ئەم بابەتە 11997 جار خوێندراوەتەوە